هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر؛ چیرۆکی ئەو پیاوەی بەهۆی چاویلکەکەیەوە لە مەرگ رزگاری بوو
رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ لۆمۆناکۆ، کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی 11ی سێپتەمبەری 2001 بەنیازبوو بچێتە رێستورانتەکەی لە نهۆمی 107ەمین تاوەری یەکەمی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک، بەڵام ئەو رۆژە بڕیارێکی دیکە دەدات و بەوەش لە مەرگ رزگاری دەبێت.
مایکڵ لۆمۆناکۆ کە شێفە، رۆژی رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر بیرۆکەیەک بە خەیاڵیدا دێت و تەواوی ژیانی دەگۆڕێت، خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت، "شووشەی چاوێلکەکەم زەبری بەرکەوتبوو، پێویستم بە شووشەیەکی نوێ بوو. لەبری ئەوەی بڕۆم بە ئاسانسۆرەکە سەر تاوەری بازرگانیی جیهانیی یەک بکەوم کە چێشتخانەکەمان کەوتبووە نهۆمی سەروو. بڕیارمدا لە سەرەتای کاژێر 08:00 بڕۆم بۆ لای چاوێلکەساز و بزانم دەتوانن چاوێلکەکەم چاک بکەنەوە."
لەو کاتەی مایکڵ لای چاوێلکەساز بوو، هەردووکیان گوێبیستی دەنگێکی گەورە بوون و بینییان فڕۆکەیەک خۆی کێشاوە بە نهۆمی 107ـەمی تاوەری یەکەم و 79 کەس لە هاوڕێکانی لە چێشتخانەکەی گیریانخواردووە.
جگە لەو 79 کەسەی لەنێو چێشتخانەکە گیریانخواردووە، شەش کارمەندی بیناسازییش چوون کاریان بۆ بکەن، بەڵام هەر 85 کەسەکە لەو رووداوەدا لەگەڵ سەدانی دیکە گیانیان لەدەستدا.
تاوەکو ئەمڕۆش تارمایی و شۆکی رووداوەکە بەرۆکی مایکڵ بەرنادات، ئەو باس لەوە دەکات، "ئەو بەیانییە کاتی من کۆتایی نەهاتبوو. ئەمە بەختی من بوو، منی رزگار کرد. گومانم لەوەدا نییە. پێی رازیم. قومار ناکەم. کۆنکان ناکەم. بەشی خۆم بەختم وەرگرت و زۆر سوپاسگوزارم. سوپاسگوزارم."
11ی سێپتەمبەری 2001 لە هێرشێکی تۆکمەی پلان بۆ داڕێژراو، گرووپی چەکداریی قاعیدە بە چەند فڕۆکەیەکی رفێندراو هێرشیان کردە سەر هەردوو تاوەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک و هەروەها باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن. لە تەواوی هێرشەکاندا 2,996 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 25 هەزار کەس بریندار بوون.
تاوەکو ئەمڕۆش کە ئەمریکا کوشتنی ئوسامە بنلادن و ئەیمەن زەواهیری، هەردوو گەورە بەرپرسی قاعیدە و چەندین فەرماندەی گرووپە چەکدارییەکەی راگەیاندووە، لە تاقیگەکانی نیویۆرک هێشتا "دی ئێن ئەی"ی 1100 لە قوربانییەکان نەناسراونەتەوە.