ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە شێوازی پێدانی پاسپۆرتی سەینت کیتس دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری پاسپۆرتی سەینت کیتسن دەتوانن لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەبێ ڤیزە گەشت بکەن و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەر وڵاتێکدا بمێننەوە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا دەڵێن، پێدەچێت بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەندەڵی لە پێدانی ئەو پاسپۆرتە بکەن و بۆیە لێکۆڵینەوە لەوبارەوە دەکەن.
سەینت کیتس و نێڤس دوو دوورگەن کە پێکەوە یەکیان گرتووە، وەکو یەک وڵات لە ساڵانی هەشتاوە سەربەخۆییان لە بەریتانیا وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێکن لەو وڵاتانەی شای بەریتانیا بە شای خۆیان دەزانن و پێیان دەگوترێ وڵاتانی کۆمۆنوێڵز.
سەینت کیتس و نێڤس 40 ساڵ دەبێت پرۆگرامی ڤیزەی زێڕینی هەیە و ئەوانەی وەبەرهێنان لەنێوان 250 هەزار دۆلار تاوەکو 450 هەزار دۆلاری تێدا بکەن خۆیان و ماڵ و منداڵیان بەشێوەیەکی ئاسایی دەبنە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە.
ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، بەپێی هەندێک زانیاریی بۆیان دەرکەوتووە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەندەڵی و ساختەکاری لە پێدانی پاسپۆرتی وڵاتەکەیاندا دەکەن و بە خەڵکانێکی زۆری دەدەن، بۆیە لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانە دەکەن.
ئەوانەی هەڵگری ئەو پاسپۆرتەن، ئەگەر زانیارییەکانی یەکێتیی ئەمریکا و ئەوروپا پشتراست بکرێنەوە، زیانی گەورەیان پێدەگات و رەنگە چیدیکە نەتوانن بەبێ ڤیزە گەشتی یەکێتیی ئەوروپا بکەن.