ترەمپ: بەرپرسانی ئێران داوای دانوستاندن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان پێوەکردووە و داوای دانوستاندنیان کردووە.
ترەمپ دەڵێت، رەنگە کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئێستاوە (خۆپێشاندان لە ئێران) لەوانەیە ناچار بن پێش کۆبوونەوەکە هەنگاوێک بنێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "بەرپرسانی ئێران دوێنێ پەیوەندییان پێوەکردم و دەیانەوێت دانوستاندن بکەن. لەوانەیە لەگەڵیان کۆببینەوە و کۆبوونەوەیەک خەریکە رێکدەخرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ئێران و ناڕەزایەتییەکان کرد و هۆشداری دا: "بەهۆی ئەو شتانەی ئێستا روودەدەن، لەوانەیە ناچار بین پێش کۆبوونەوەکە هەنگاوێک بنێین."
سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران، ترەمپ گوتی: "سات بە سات لە دۆخی خۆپێشاندانەکان ئاگادار دەکرێمەوە؛ خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکی زۆر بەهێزین و لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیار دەدەین."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.
ئێستا لە نزیکەی 180 شار و شارۆچکە، رۆژانە خۆپێشاندان دەکرێت کە لە 31 پارێزگا، 28یانی گرتووەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و زانیارییەکانی لە چالاکڤانانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران وەرگرتووە، کوژرانی 490 خۆپێشاندەر و 48 کارمەندی ئەمنیی پشتڕاستکردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس لە ماوەی دوو هەفتەی ئاڵۆزییەکاندا دەستگیرکراون."
حکومەتی ئێرانیش بۆ یەکەمجار ئاماری کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی لە خۆپێشاندانەکاندا راگەیاند و گوتی، 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 18ـیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.