دڵشاد شەهاب: ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە میونشن کۆمەڵێک مانای گرنگی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداری 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی 150 وڵات و لەنێویشیاندا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 62یەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لەم سێ رۆژەی کۆنفرانسەکەدا، لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی جیهان کۆببێتەوە و پرسە هەنوکەییەکان و پێگەی کوردستان لە سەقامگیری ئاشتی جیهانی تاوتوێ بکەن.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان حەوتەمین جارە بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکات. ئەم ئامادەبوونە، بەتایبەتی لەم کاتەدایە کە بابەتی ئاسایش گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم جیهانە. ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لێرە لەم کاتەدا کۆمەڵێک مانای گرنگی هەیە. یەکێک لەوانە، ناوچەی ئێمە، ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کۆمەڵێک گرفتی زۆر گەورەدا دەڕوات. ئێستا تەنانەت هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی گەورە لە ناوچەکە هەیە. گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ئاراوە. هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەکی بەردەوامە. عێراق خۆی ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر ناسک و هەستیاردا تێپەڕدەبێت، لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگارییە. هەرێمی کوردستان هەم وەکو پێگەی خۆی، وەکو هەرێمێکی دەستووری و هەم وەکو عێراقیش کە کاریگەرییەکانی دۆخی عێراقی بەسەرەوەیە، ئێستا ئەم ساڵ شتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، بە هەزاران گیراوی داعش لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق. ئەمانە هەمووی کاریگەری بەسەر دۆخی ناوچەکەوە جێدەهێڵن.
وەک نەریتی ساڵانە، راوێژکاری ئەڵمانیا بە وتارێک لەسەر مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئەورووپا و جیهان، دەرگایەکی سێ رۆژە بەڕووی گەورەترین کۆنفرانسی ئاسایشیی جیهان دەکاتەوە.