حکومەتی فەڕەنسا دەیان هەزار سەرباز لە پاریس بڵاوەپێدەکات


رووداو - پاریس
 
رۆژی ١١ی ئادار، وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا رایگەیاند، حکومەتی فەڕەنسا دەیان هەزار سەربازی وڵاتەکەی ناردووەتە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە بۆ پارێزگاریکردن لە سەدان ئایین، گەشتیارو لایەنەکانی دیکە لە هێرشە خۆکوژییەکان و پاراستنیان لەدەست ئەو هێرشانە و دەڵێن تا ئەو کاتەی پێویست بکات ئەم رێوشوێنە ئەمنیە بەردەوام دەبێت.

جێن یەڤیس لی درەین، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی کۆمەڵێک رێگای تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی فەڕەنسا لەدەست هێرشەکان گرتووەتەبەر. یەک لەو رێگایانە بڵاوکردنەوەی دەیان هەزار هێزی ئاسایش، پۆلیس و هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە لەپێناو پاراستنی ئەو خەڵکانەی کە بۆ گەشتکردن دێنە فەڕەنساو ئەو کەسانەی ئایینی جیاوازیان هەیە.

یەڤیس هەروەها راشیگەیاند ئەم شێوازە کارکردنە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کەمترین هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەیان هەبێت.

دەیان هەزار سەربازی فەڕەنسی لەنێو ئەو هێزانەی ئاسایش و پۆلیسدان، کە لە دوای هێرشەکانی سەر شارلی ئێبدۆ و سوپەرمارکێتی جوولەکەکان بە پاریسدا بڵاوکراونەتەوە.