هەواڵگریی ئەمریکا: چین خەریکی ئامادەکردنی بارێکی چەکە بۆ ئێران


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، هەواڵگریی ئەو وڵاتە زانیاری هەیە، چین خەریکی ئامادەکردنی بارێکی چەکە بۆ ئێران. ئەمڕۆ ترەمپیش هۆشداریی دایە پەکین لەوەی چەک بۆ تاران نەنێرێت.
 
کەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێت، هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی چین سەرقاڵی ئامادەکردنی بارێکی چەک و تەقەمەنییە بۆ ئێران.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هۆشدارییەکی تووندی دایە چین و رایگەیاند، هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازیی پەکین بۆ تاران، لێکەوتەی دەبێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، چین ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی چەندین سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. 
 
سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، تاران ئاگربەستی ئێستای وەک دەرفەتێک قۆستووەتەوە تاوەکو بە هاوکاریی هاوبەشە بیانییەکانی، ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە بەر ژێرخانە سەربازییەکەی کەوتوون.
 
لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو زانیارییانەی باس لە پڕچەککردنی ئێران لەلایەن ئێمەوە دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە. پەکین هیچ جۆرە چەکێکی بە هیچ لایەنێکی ململانێکان نەداوە."
 
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان واشنتن و پەکین لە کاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
 
تاران و واشنتن رۆژی شەممە بە نێوەندگیریی پاکستان، یەکەمین گەڕی دانوستاندنیان لەدوای ئاگربەست کرد. دانوستاندنەکە زیاتر لە 15 کاژێری خایاند، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی پاکستان، هەردوولا رازی بوون رۆژی یەکشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن بکەن.