بۆچی ئێران و ئەمریکا رێکنەکەوتن؟


رووداو دیجیتاڵ

دوای 21 کاژێر لە گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێو هۆتێل سێرێنا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستاندنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 12-4-2026، بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتاییان هات. 
 
ئەمریکییەکان دەڵێن "دوایین و باشترین" پێشنیازی خۆیان پێشکێش کرد، بەڵام تاران رەزامەندیی لەسەر نیشان نەدا.
 
هێڵە سوورەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتن
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران رایگەیاند: "ئێمە بە روونی هێڵە سوورەکانی خۆمانمان دیاریکرد. روونمان کردەوە چ شتێک قبووڵ دەکەین و لەسەر چ شتێکیش سازش ناکەین." هەرچەندە ڤانس وردەکاریی هێڵە سوورەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کە هەردوولا لەسەر پرسە سەرەکییەکان هێشتا زۆر لە یەکدی دوورن.
 
بە گوتەی دوو بەرپرسی ئێرانی کە ئاگاداری ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بوون و قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە، سێ گرێکوێرەی سەرەکی رێگر بوون لە گەیشتن بە رێککەوتن: 1.تەنگەی هورمز: واشنتن داوای کردووە ئێران دەستبەجێ رێڕەوە ئاوییەکە بە رووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە ئەو کارتە گوشارە گرنگە رادەست بکات و کردنەوەی تەنگەکەی بەستووەتەوە بە واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی.
 
2. یۆرانیۆمی پیتێنراو: ئەمریکا داوای کردووە ئێران تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی (نزیکەی 435 کیلۆگرام) رادەست بکات، بەڵام تاران پێشنیازێکی دیکەی داوە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
3. دارایی و قەرەبوو: ئێران داوای ئازادکردنی 27 ملیار دۆلار لە داهاتە بلۆککراوەکانی لە وڵاتانی وەک عێراق، ئەڵمانیا، ژاپۆن و قەتەر کردووە، جگە لە داوای قەرەبووی زیانەکانی شەش هەفتەی جەنگ، بەڵام ئەمریکا هەموو ئەو داوایانەی رەتکردوونەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە بایەخی هەبوو 
 
سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان نەگەیشتنە ئەنجامی کۆتایی، بەڵام بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێ. تەنیا شەش هەفتە دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل عەلی خامنەییان لە هێرشێکی ئاسمانی کوشت، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ، لەگەڵ جەی دی ڤانس رووبەڕوو کۆبوونەوە.
 
دوو بەرپرسی ئێرانی بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە، ڤانس و قالیباف تەوقەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و کەشی گفتوگۆکانیان "ئارام و دۆستانە" بووە. ئەمە بەرزترین ئاستی دیداری رووبەڕووی نێوان هەردوو وڵاتە لەوەتەی پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی 1979دا.
 
هەرچەندە دانوستاندنەکان بەبێ ئاگربەستی هەمیشەیی کۆتایی هات، بەڵام هەردوولا رێگەی دیپلۆماسییان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، لە کاتێکدا ئاگربەستە کاتییە دوو هەفتەیییەکە هێشتا بەردەوامە.