ئینتەرنێتی 5G و وزەی رووسیا پۆمپەیۆ ناچار دەکەن بچێتە ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەستپێکردووە و راگەیاندنەکانی ئەمریکاش دەڵێن ئەو سەردانەی مایک پۆمپەیۆ بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ قسەکردن لەسەر کاریگەرییەکانی وزەی رووسیا و ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەمی کۆمپانیای هواویی چین لە ئەوروپا.
رۆژی سێشەممە 2020/08/11 پۆمپیۆ گەیشتە پراگی پایتەختی چیک و دوای ئەوەش روودەکاتە سلۆڤینیا، نەمسا و پۆڵەندا.
راگەیاندنەکان باسیان لەوەش کردووە، پۆمپیۆ لەم گەشتەیدا سەردانی ئەڵمانیا ناکات و ئاماژە بەوەش دەکرێت کە ئەو سەربازە ئەمریکییانەی ئەڵمانیا بەجێدەهێڵن لەوانەیە بنێردرێنە پۆڵەندا و ئەو وڵاتەش ئامادەیی بۆ پێشوازیکردن لە سەربازە ئەمریکییەکان نیشانداوە.
هەروەها پۆمپەپۆ لەو سەردانەیدا بابەتی کۆمپانیای هواویی چینی یەکێک دەبێت لە تەوەری باسەکانی لەگەڵ سەرکردەی ئەو وڵاتانەدا.
ئەمریکا هواوی بە هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر پێگەکەی، چونکە ئەو کۆمپانیایە بووەتە سەرکردەی بەرهەمهێنانی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت.
هەروەها بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی پۆمپیۆ تایبەت دەبێت بە سەرچاوەی وزەی رووسیا و گەیاندنی بە ئەوروپا و داواش دەکات ئەوروپا خواستیان لەسەر وزەی رووسی کەمبکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەڵمانیا لەگەڵ رووسیا دەستیان کردووە بە پرۆژەی نۆرد ستریم بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا.