تەندروستیی لیبیا: 3,000 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی لیبیا لەو حکومەتەی کە کۆنتڕۆڵی بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەکات دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 3,000 کەس و  خاچی سووری نێودەوڵەتیش دەڵێت، 10 هەزار کەسی دیکە بێسەروشوێنن. 
 
تامر رەمەزان، سەرۆکی لقی لیبیای فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور رایگەیاند: "ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە زۆر گەورەیە و رەنگە بگاتە هەزاران کەس."
 
ئەو بەرپرسە هەروەها گوتی: "لە سەرچاوە سەربەخۆکانمانەوە پشتڕاستیدەکەینەوە؛ ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێن بوون، گەیشتووەتە 10 هەزار کەس". 
 
لای خۆیەوە، عوسمان عەبدولجەلیل، وەزیری تەندروستیی لەو حکومەتەی لیبیا کە کۆنتڕۆڵی بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە سێ هەزار کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
خاچی سووری نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات؛ ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوی لیبیا گیانیان لەدەستداوە، رەنگە بە شێوەیەکی یەکجار گەورە بەرزبێتەوە، لە کاتێکدا هەزاران کەس بێسەروشوێنن. 
 
دوای ئەوەی زریانی دانیێڵ بە تورکیا، بولگاریا و یۆناندا تێپەڕی، لیبیاشی گرتەوە و زۆرترین زیانی بە شاری دەڕنەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە گەیاند.  
 
رزیانەکە باوبۆرانێکی زۆری دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی دوو بەنداوی ناوچەکە دابڕمێن و بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و لافاو دروست ببێت؛ بەوەش ژیانی دەیان هەزار کەس کەوتە مەترسییەوە.
 
پێشتر، ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، "بەنداوەکان لە باشووری دەڕنە داڕماون؛ رووخانی بەنداوی یەکەم و دووەم لە ناوچەی وادی دەڕنە بووە هۆی ئەوەی شەپۆلی ئاوەکە بڕژێتە نێو شاری دەڕنە؛ سێ پرد بە تەواوەتی رووخاون و ئاو بەنێو کۆڵانەکاندا بڵاوبووەتەوە، زریان هەندێک گەڕەکی بە خەڵکەکەیەوە لەگەڵ خۆیدا بردووە."
 
پڕۆسەی گەڕان و رزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی بێسەروشوێنن بە نزیکی شەش هەزار کەس خەمڵێندراوە، بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەکە بەخێرایی بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت. 
 
جگە لە زیانە گیانییەکان، لافاوەکە زیانێکی زۆری مادیشی گەیاندووە، هەروەها چەندین وڵات لەنێویاندا، ئەمریکا، تورکیا، قەتەڕ، ئیمارات و میسر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکاریی لیبیا بکەن. 
 
ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا گوتیشی "تەنیا لە شاری دەڕنە، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هێشتا هەزاران کەسی دیکەش بێشەروشوێنن کە ژمارەیان لەنێوان پێنج بۆ شەش هەزار کەس دەبێت و ژمارەکەش بەشێوەیەکی خێرا بەرزدەبێتەوە".
 
حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی لیبیا، کە ئەو ناوچەیەی لیبیای بەدەستەوەیە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاندووە.
 
دەزگاکانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەوەی زریانەکە بەرەو میسر دەچێت و دەزگای کەشوهەوای میسریش داوای لە خەڵک کردووە لە ئەگەری گەیشتنی زریانەکە بە میسر، خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادەبکەن.