سەرۆکی شارەوانیی دووسەڵدۆرف: هەتا ساڵی 2035 کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر شارەکەمان نامێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی دووسەڵدۆرف یەکێکە لە سەرکردەکانی کریستیان دیموکراتەکان، کە ئێستا راوێژکاری ئەڵمانیا لەوانە. ئەو لە ساڵی 2020ـەوە ئەو شارە بەڕێوەدەبات، کە پایتەختی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنە، وەکو ئەو دەڵێت، تاوەکو 10 ساڵی دیکە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر شارەکەیان نامێنێت.
 
د. شتێڤان کێلەر، سەرۆکی شارەوانیی دووسەڵدۆرف دەیەوێت جارێکی دیکە بۆ شارەوانی هەڵببژێردرێتەوە. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا باسی ئەوەش دەکات کە چی دەکات بۆ ئەو شارە کە وابکات کوردی دانیشتووی شارەکە دەنگی پێبدەن.
 
دەقی هەڤپەیڤین لە گەڵ د. شتێڤان کێلەر، سەرۆکی شارەوانیی شاری دووسەڵدۆرف، هەروەها دووبارە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی دووسەڵدۆرف:
 
رووداو: بەرێز دکتۆر کێلە سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، دەزانم بەڕێزتان زۆر سەرقاڵن و هەروەها دەتانەوێت لە دەنگدەرانتان نزیکبن، سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، بەڕێزتان لێرە لەسەر ئەم درووشمە دەڵێن، یەکگرتنەوەی خەڵک و بونیادنانی داهاتوو، دەتانەوێت چۆن ئەمە بکەن؟
 
د. شتێڤان کێلەر: ئێمە دەمانەوێت سیاسەتێکی باش بۆ دووسلدۆرف بکەین، دووسلدۆرف شارێکە کە خەڵکی زیاتر لە 180 وڵات تێیدا پێکەوە دەژین و پێویستە مرۆڤ زۆر وریا بێت و کۆمەڵگەی شارەکە پێکەوە ببەستێتەوە، لەم شارەدا پۆتانسێلێکی زۆر گەورە هەیە و من دەمەوێت سوودی لێ وەربگرم و پێکەوە لەگەڵ هاووڵاتییان ئەم شارە بونیادبنێم، بۆ نموونە من ئەمڕۆ لێرەم و لەگەڵ زۆر کەس قسە دەکەم، ئەمە بۆ من گرنگە.
 
رووداو: ئەم شارە بونیادبنێنەوە، باشە ئێستا چ پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکەن بۆئەوەی دووسەڵدۆرف تاوەکو 2035 کەشوهەوای سرووشتی بێت؟
 
د. ستیفان کێلەر: لە بواری بێکاری و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا چەندین پلانمان هەیە، بۆ نموونە ئێمە وەک ئامانجێک بۆ خۆمان داناوە، کە پانێڵی وزەی خۆر لەسەر هەموو سەربانەکانی باڵەخانەکانی شارەوانی، واتە موڵکەکانی شار دابنێین، ئێمە لە فراوانکردنی ژێرخانی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا زۆر پێشکەوتووین، هەروەها دەمانەوێت گواستنەوەی خۆشمان بکەینە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە ساڵانی رابردوودا ئێمە هەموو ساڵێک 60 ملیۆن یۆرۆمان بۆ پڕۆژەکانی پاراستنی کەشوهەوا تەرخانکردووە، دەمانەوێت تاوەکو ساڵی 2035 ببینە شارێک کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر نەمێنێت، ئەمە 10 ساڵ زووترە لەو ئامانجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەڵمانیای داناوە، ئەمە ئامانجێکی گەورەیە و ئێمە لەم بوارەدا لەگەڵ کەرتی ئابوورییش کار دەکەین، بۆ نموونە، ئێمە پەیماننامەیەکی کەشوهەوامان مۆر کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن و پێکەوە بەدوای چارەسەری باشدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی کەشوهەوا.
 
رووداو: چۆن دەتانەوێت لە لایەک ترافیک کەم بکەنەوە و لە لایکی دیکەش شاری دووسەڵدۆرف بکەنە شارێک دۆستی پایسکلسواران بێت؟
 
د. شتێڤان کێلەر: لە بواری گواستنەوەدا پێویستە سێ شت بکەین، پێویستە گواستنەوەی گشتی (ÖPNV) بەهێز بکەین، واتە هێڵەکانی شەمەندەفەر، پێویستە بیگەیێنینە ئاستێک بتوانێت ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران بگوازێتەوە، پێویستە رێچکەکانی پایسکل فراوان بکەین، ئەمەش گرنگە، چونکە پایسکل ئامرازێکی گواستنەوەی دۆستی ژینگەیە و پێویستە هاتووچۆ لەسەر رێگەوبانەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر رێکبخەین، ئێمە ناتوانین چیدی رێگەی نوێ دروست بکەین، بەڵام دەتوانین نوێترین تەکنەلۆژیا وەکو زیرەکیی دەستکرد بەکاربهێنین، دەتوانین پەیوەندیی نێوان گڵۆپەکانی هاتووچۆ و ئۆتۆمبێلەکان باشتر بکەین، یان بە تازەیی دروستی بکەینەوە، بەو شێوەیە، دەتوانین لە رێگەی کۆنترۆڵی دیجیتاڵیی هاتووچۆوە، ژێرخانەکەمان بە باشترین شێوە بەکاربهێنین و ئەمەش لە کۆتاییدا هاتووچۆ باشتر دەکات و جەنجاڵی کەم دەکاتەوە.
 
رووداو: یەکێک لە پرسە گرنگەکانی زۆربەی شارە گەورەکان نیشتەجێبوونە، چۆن دەتانەوێت یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەن کە کرێی گونجاو بێت سەرەڕای قەیرانی یەکەی نیشتەجێبوون؟
 
د. شتێڤان کێلەر: پلانێکی زۆر باشم هەیە، دەستپێشخەریی نیشتەجێبوونمان هەیە، بەمەش دەمانەوێت تاوەکو ساڵی 2030، هەشت هەزار خانووی نوێ لە دووسلدۆرف دروست بکەین، ئێمە دەگەینە ئەم ژمارەیە، پلانی کۆنکرێتمان هەیە کە ئەمە چۆن دەکرێت، تەنیا دوێنێ و پێرێ من بەردی بناخەم بۆ 360 خانووی نوێ لە دووسلدۆرف دانا، زیاتر لە نیوەیان بە نرخێکی گونجاون و دەمانەوێت لەسەر ئەم رێگەیە بڕۆین، پێویستە دروستی بکەین بۆئەوەی خەڵک لە شارەکەماندا دەرفەتی زیاتر بدۆزنەوە.
 
رووداو: باشە چۆن  دەتانەوێت دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتووانی دووسەڵدۆرف بەهێز بکەن؟
 
د. شتێڤان کێلەر: بۆ ئەم مەبەستە چەندین فۆرماتی جیاواز هەن، ئەمڕۆ من لێرەم لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەسەر شەقامەکان دەڕۆم، من شتی لەم جۆرە لە دەرەوەی کاتی هەڵمەتیش دەکەم و بۆ دوو- سێ کاتژمێر دەچمە شوێنێکی گشتی، بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت بێت و پرسیارەکانی لێم بکات، بێگومان فۆرماتی پەیوەندی دیجیتاڵیمان هەیە لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە، ئێمە بۆ هەموو پڕۆژە گەورەکانمان فۆرماتی بەشداریکردن وەک کۆبوونەوەی هاووڵاتیان و پانێڵەکانی گفتوگۆ رێکدەخەین و بەو شێوەیە من بە راستی بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا نیم لەگەڵ هاووڵاتیان، جگە لەمەش مرۆڤ لە شارێکی وەک دووسلدۆرف بە شێوەیەکی رێکوپێک لە چالاکییەکانی وەک فێستیڤاڵەکانی پاراستن و کەرناڤاڵەکانیشدا یەکتری دەبینێت و دەتوانێت لەگەڵ خەڵک قسە بکات.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە لە ساڵی 2020ـەوە سەرۆکی شارەوانیی شاری دووسەلدۆرفن، بۆچی لەو باوەڕدان کە دووبارە پۆستی سەرۆکی شارەوانی وەردەگرنەوە؟
 
د. شتێڤان کێلەر: پێموایە بەهۆی ئەوەی چەمکی زۆر باشمان هەیە بۆ 5 ساڵی داهاتوو، ئەمە هۆکارێکە پێموایە دەتوانین پشت بە چەندین پڕۆژەی باش ببەستین لە 5 ساڵی رابردوودا جێبەجێمان کردوون، واتە ئێمە باش کارمان کردووە و پێموایە بەم هۆیەشەوە بەشێکی زۆرمان لە متمانەی خەڵک بەدەستهێناوە. وەک گوتم، ئەمەش لەگەڵ روانگەیەکی باش بۆ داهاتوو، بیرۆکەی باش و بە توانا و لێهاتووییەکی زۆر کە لەلامە، دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژێردرێم.
 
رووداو: بەڕێز دکتۆر کێلەر، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، سوپاس کە لەگەڵماندا بوویت.