سعودیە: لە دوو رۆژدا نزیکەی 300 چەکداری حوسی کوژران


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی عەرەبی کە سعوودیە سەرکردایەتی دەکات رایدەگەیێنێت، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر حوسییەکان، 134 کەسیان کوشتووە.  
 
رۆژی سێشەممە 12-10-2021 چەند هێرشێکی ئاسمانی کرانە سەر ناوچەی عەبدییە لە پارێزگای مەئریبی یەمەن و لە راگەیێندراوێکی هاوپەیمانێتییەکەدا کە لە میدیای فەرمی سعودیە بڵاوکرایەوە هاتووە، "9 بارهەڵگری سەربازی میلیشیاکانی حوسیمان کردووەتە ئامانج و 134 کەسمان لێ کوشتوون". 
 
لەم مانگەدا سەتان چەکداری حوسی کوژراون کە هەوڵیانداوە شاری مەئریب کۆنترۆڵ بکەن کە بە دوایین خاڵی دانپێدانراوی حکومەتی یەمەن لە باکووری وڵاتەکە دادەنرێت. 
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە چەکدارە حوسییەکان بڵاویانکردەوە، دەردەکەوێت کە گەیشتوونەتە لێواری شارەکە. 
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارە حوسییەکان، پێش هێرشەکەی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەریان رایگەیاند، "دوای بەزاندنی یاخیبووان، ئەمڕۆ لە چەند لایەکەوە دەوری شارەکەمان داوە و ژمارەیەک ناوچەمان بە تەواوی رزگارکردووە".  
 
ماوەی 7 ساڵە شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە بەردەوامە. لە ئەنجامی شەڕەکەدا کە لە ساڵی 2014 دوای کۆنترۆڵکردنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حوسیەکانەوە دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنانی دیکە ئاوارەبوون.
 
دوێنێش هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، لە هێرشێکدا 156 چەکداری حوسییان کوشتووە. 
 
هاوکات رۆژی یەکشەممە 10-10-2021 لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا کە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگاری عەدەنی کردە ئامانج، 6 کەس کوژران، بەڵام پارێزگار لە هێرشەکە رزگاری بوو. مەعین عەبدولمەلیک، سەرۆکوەزیرانی یەمەن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قاهیرە، تەقینەوەکەی بە هەڵکشانی تووندوتیژی لەلایەن حوسییەکانەوە ناوبرد و گوتی، "حکومەتێکی رادیکاڵ" لە ئێرانەوە هانی حوسیەکان دەدات بۆ ئەوەی تووندوتیژی بکەن.