دۆناڵد توسک بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد توسک، سەرۆکی "پارتی گەلی ئەوروپا" کە پارتێكی میانڕەوی پۆڵاندە لەلایەن پەرلەمانەوە بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا و رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی "لایەنگرەکەی" یەکێتیی ئەوروپا حکومەت پێکبهێنێت.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، لە کۆی 460 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پۆڵاند، 248 پەرلەمانتار دەنگیان بە توسک دا لە بەرامبەردا 201 دژی هەڵبژاردنی ئەو دەنگیان دا.
 
هەڵبژاردنی توسک بە سەرۆکوەزیران لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە رۆژی 15-10-2023دا هات، کە تێیدا هاوپەیمانییەکی میانڕەو بە سەرۆکایەتی توسک براوەی هەڵبژاردنەکان بوو.
 
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی پۆڵاند بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە حکومەتەکەی ماتیوز مۆراڤیک، سەرۆکوەزیران سەندەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی هەشت ساڵەی پارتی نیشتمانی کۆنسەرڤاتیڤ هێنا، کە لە ساڵی 2015ـەوە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانییە.
 
توسک، تەمەن 66 ساڵ لە نێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند بوو، لە 2014 تاوەکو 2019 سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپای کرد.
 
ماتیوز مۆراڤیک، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری پۆڵاند لە 2017وە سەرۆکوەزیران بوو. لەw شەش ساڵەی دەسەڵاتیدا یەکێتیی ئەوروپا بە "لەنێوبردنی بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری یاسا؛ پێشێلکردنی مافی کەمینە و ژنان و هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی ئێل جی بی تی" تۆمەتباری کردووە. هەروەها بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پۆپۆلیستی و دژایەتیکردنی یەکێتیی ئەوروپا ناسرا بوو؛ لەو چوارچێوەیەدا یەکێتیی ئەوروپا دەیان ملیار یۆرۆی تەرخانکراوی بۆ پۆڵاند بلۆککرد.
 
لە دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند، توسک لە ئاهەنگی سەرکەوتنیدا بە ئەندامانی پارتەکەی گوت، "دیموکراسییەت براوە بوو و کۆتایی بە حکومەتی پێشوو هات". پاشان لە ئێکس نووسی، "ئامادە، لەسەر پێ و بڕۆ" وەک ئاماژەیەک بۆ دەستبەکاربوون و بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی.
 
توسک ئەجیندایەکی قورسی هەڵگرتووە کە بریتییە لە نزیککردنەوەی پۆڵاند لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی؛ گەڕاندنەوەی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا کە حکومەتی پێشوو سنوورداری کردبوون؛ هەروەها گەڕاندنەوەی 118 ملیار دۆلار لە پارەی تەرخانکراو بۆ وڵاتەکەی کە یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی سیاسەتە " نادیموکراسییەکانی" حکومەتی پێشوو، بلۆکی کردوون.