ئەو ژنە سوێدییەی 9 کوردی ئێزدی بەکۆیلە کردبوو 'دەیویست دادگە هەڵخەڵەتێنێت'
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی سوێدی بە تاوانی کۆیلەکردنی 9 ژن و منداڵی کوردی ئێزدی دادگایی کرا. نووسەرێکی کورد کە لەکاتی دادگاییکردنەکە دا لەوێ بووە بە رووداوی گوت 'ژنەکە بە لادانی نیقابەکەی، دەیویست سەرنجی دادوەرەکە رابکێشێت تاوەکو سزاکەی سەری کەم بکرێتەوە.'
دادگە سوێدییەکە رۆژی سێشەممە 11-2-2025 ژنێکی 52 ساڵانی سوێدی بە تۆمەتی جینۆساید بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا دا، ئەمە یەکەم بڕیاری دادگای سوێدە سەبارەت بە تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی.
کوردۆ باکسی، نووسەری کوردی دانیشتووی سوێد لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی پرۆسەی دادگاییەکە "بە باشی" بەڕێوەچوو، ئەوانەی زیانمەند بوون لە ئەڵمانیاوە هاتبوون و لە دادگا گەواهیان دا.
کوردۆ باکسی گوتی "گوتەی شایەتحاڵەکان بە نهێنی وەرگیرا، لەو کاتەدا ئێمە لە دەرەوەی هۆڵی دادگەکە بووین."
بەپێی راگەیێندراوی دادگای ناوچەی ستۆکهۆڵم، لینا ئیسحاق، ساڵی 2015 بە ئەنجامدانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرابوو . دادگا دەڵێت، "لینا ژن و منداڵانی ئێزیدیی وەکو کۆیلە لە ماڵەکەی خۆی لە سووریا راگرتووە. کردەوەکانی بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی فراوانی داعش دژی کەمینەی کوردی ئێزیدی."
کوردۆ باکسی، ئاماژەی بە پاشخانی لینا کرد و گوتی "لینا خۆی کریستیان بووە، دواتر عاشقی کەسێکی سەلەفیی جیهادی بووە و ساڵی 2013 چووەتە سووریا. ئەو لە سوێد ناسراوە، بەهۆی ئەوەی کوڕەکەی بە زۆر ناردووەتە سووریا، کە لەوێ بە دەستی شەڕڤانانی کورد کوژراوە."
بە گوتەی کوردۆ باکسی، ئەو ژنە تووندوتیژ بووە بەرامبەر ئێزدییەکان. دەڵێ "لینا رێگەی نەداوە ژنانی ئێزدی لە ماڵەوە بە کوردی قسە بکەن، جلوبەرگی کوردی لەبەربکەن، ئەوانی ناچار کردووە ببنە موسڵمان، رێگەی نەداوە چەند رۆژ هیچ شتێک بخۆن و بخۆنەوە."
داواکارانی گشتی؛ داوای سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ لینا کردبوو، بەڵام دادگای سوێد رایگەیاندووە "تاوانەکان سزای 16 ساڵیان دەویست، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سزایەکی پێشووتر، لینا 12 ساڵ لە زیندان دا دەمێنێتەوە."
کوردۆ باکسی دەڵێت "299 کەسی سوێدی بوونە جیهادیست و نیوەیان کوژراون، کۆنترینی ئەو داعشانەی لە سوێد ناسراون، لینا و هاوژینەکەی بوون."
لەبارەی چۆنێتی گەڕانەوەی لینا بۆ سوێد، کوردۆ گوتی "دوای ئەوەی مێردەکەی کوژراوە و داعش تێکشکا، لینا بە رێگەی تورکیا گەڕاوەتەوە سوێد."
لینا تاوەکو ئێستا دوو جار لە سوێد دادگاییکراوە و ساڵی 2022 بە شەش ساڵ زیندان سزادرابوو، کوردۆ باکسی لە هەردوو دادگاییکردنەکە دا ئامادەبووە، دەڵێت "لینا لە دادگایی یەکەم نیقابی دەکرد و دەموچاوی دادەپۆشی، ئەمجارە پڕچی کراوە بوو، ماکیاجیشی کردبوو بۆ ئەوەی سزای کەمتر بدرێت و بڵێت منیش سوێدیم و ئەورووپیم و کەسێکی باشم."
کوردۆ باسی لەوە کرد، لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، وێنە و ڤیدیۆی دەستدرێژیی سەر ژنانی ئێزدی و کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ پێشان دەدرا، بەڵام ئەو هیچ پێی هەستیار نەبوو، بە قەڵەمەکەی دەستی خەریکی وێنەکێشان بوو و هەر تەماشای دادوەری نەدەکرد.
لینا لە کاتی دادگاییکردن تۆمەتی جینۆساید و بەکۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی رەتکردەوە و گوتی "من ئەوانە دەناسم، بەڵام ئەشکەنجەم نەداون، ژنێکی دیکە ئەو کارەی بەرامبەریان کردووە."
کوردۆ باکسی گوتیشی "بیروباوەڕی لینا نەگۆڕاوە و تەنیا لەبەرئەوەی پارەی نەماوە، گەڕاوەتەوە سوێد؛ ئەگەر ئێستا ئازاد بکرێت دووبارە پەیوەندی بە داعشەوە دەکات."
بە قسەی ئەو نووسەرە کوردە، "لینا پەیوەندیی لەگەڵ ئەمیرەکانی داعش هەبووە، نامەی لەگەڵ گۆڕیونەتەوە، هاتوون بۆ ماڵەکەی و خواردنیان خواردووە، بەڵام بەرپرسیاریێتی سیاسی و سەربازی لەنێو داعش دا نەبووە."
دادگای سوێد دەڵێت "کەیسەکە پەیوەندیی بە 9 ئێزیدییەوە هەیە، کە شەشیان لەو کاتەدا منداڵ بوون، دوای هێرشی داعش بۆ سەر گوندەکانیان، دوای نزیکەی 5 مانگ لە دیلی، گەیشتنە ماڵی لینا لە رەققە."
بە گوتەی کوردۆ باکسی، ئەوانەی گەواهیان لە دژی لینا داوە، سەرجەمیان خەڵکی گوندی کۆچۆ بوون و داعش ئەوانی رادەستی لینا کردبوو.
نزیکەی 300 سوێدی یان دانیشتووی سوێد، کە چارەکێکیان ژن بوون، پەیوەندییان بە داعشەوە کرد لە سووریا و عێراق. بەپێی دەزگای هەواڵگری سوێدی (سیپۆ) زۆربەیان لە ساڵانی 2013 و 2014 گەڕانەوە.
کوردۆ باکسی گوتی "ئێستا تەنیا 12 سوێدی لە سووریا لە زیندانەکان دان، ئەوانی دیکە بە ئازادی لەوێ دەسووڕێنەوە."