نێچیرڤان بارزانی: سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ پشتگیریکردنی خوشک و برایانی ئێزدی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان کۆبووەوە و رایگەیاند، سوپاسی ئەڵمانیا دەکەن بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی خوشک و برایانی ئێزدی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 13-02-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ ریم ئهلهبالی رادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژە و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی مرۆیی و پشتگیریکردنی چاکسازی.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ رۆڵی ئەڵمانیا لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان و باشترکردنی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان دووپات کردەوە، هەروەها بەتایبەتی سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی خوشک و برایانی ئێزدی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
لای خۆیەوە، ریم ئهلهبالی رادۆڤان جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانی بوارە جیاوازەکانی گەشەپێدان، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكی ههرێمی كوردستان به بانگهێشتێكی فهرمی لە ئهڵمانیایە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كه ساڵانه به بهشداریی ژمارهیهكی زۆر له سهرکرده و بهرپرسانی باڵای وڵاتان بهڕێوهدهچێت، دهرفهتێكه بۆ گۆڕینهوهی بیروڕا لەبارەی پرسی ئاسایش و سهقامگیری و كێشه جیهانییهكان و تاوتوێکردنی رێگهچاره بۆ کێشه و ئاڵۆزییهكان.
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهاندا دەکەن. ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە لە 13ـی شوبات تاوەکو 15ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت.