مێلانیا ترەمپ سێ ملیۆن دۆلاری لە دەیلی مەیل بردەوە

رووداو - هەولێر

دادگای باڵای بەریتانیا کەیسێکی لە بەرژەوەندی هاوژینی دۆناڵد ترەمپ یاکلایی کردەوە و، دەبێت رۆژنامەی دەیلی مەیل سێ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە مێلانیا ترەمپ.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی "راپۆرتێکی ناڕاست" لەو رۆژنامەدا، دەبێت بڕی سێ ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو لەلایەن رۆژنامەکەوە بدرێت بە هاوژینی ترەمپ.

ساڵی رابردوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راپۆرتێکی لە بارەی ژیانی تایبەتی مێلانیا ترەمپ بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەیدا، کە هاوکات چەند وێنەیەکی کاتی گەنجی و نیچمەڕووتی لەگەڵ بڵاوکردبووەوە، نووسیبووی "مێلانیا بەر لەوەی دەستبکات بە کاری نمایش، کاری لەشفرۆشی کردووە و سێکسی بەرامبەر بە وەرگرتنی پارە ئەنجامداوە".

دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەش، مێلانیا لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە سکاڵایی یاسایی لە دژی ئەو رۆژنامە لە لەندەن تۆمارکرد، تێیدا داوای 150 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو بەرامبەر بە ناوزڕاندنی کردبوو.

لەدوای چەندین دانیشتنی دادگا، رۆژی چوارشەممە 12-4-2017 دادگا لە بەرژەوەندی مێلانیا بڕیاری دا.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، جگە لە بڕی سێ ملیۆن دۆلاریش وەک قەرەبوو، رۆژنامەکە دەبێت داوای لێبووردنیش لە مێلانیا بکات و هەروەها تێچووی پرۆسەی دادگا بدات.

لە یەکەمین کاردانەوەیدا رۆژنامەکە دانی بەوە داناوە، کە ئەو راپۆرتەی بڵاویانکردووەتەوە هەڵە بووە و داوای لێبووردنیشیان لە هاوژینی ترەمپ کرد.

داڕشتنەوە: حەکیم داود