منداڵەكەیان لە دەریادا خنكا و فینلاندیش فریایان نەكەوت

رووداو - رۆما

كاتێك دەگاتە ئەو باوەڕەی ئیدی ژیانی كوردستان بۆ ئەو دەست نادات، دەستی هاوژین و منداڵەكانی دەگرێ‌ و بەرەو ئەو جیهانە هەنگاو دەنێ‌ كە لە خەیاڵی خۆیدا بەهەشتی سەر رووی زەمینە، بەڵام وڵاتە ساردەكەی سكەندناڤیا نەك لە باری شانی ئەوی كەم نەكردەوە، بگرە زیاتریشی كرد. 

هەژار ئەبوبەكر، خەڵكی هەولێرە و باوكی دوو منداڵە، ساڵی 2015 كوردستان بۆ ئەو لوتكەی بێزاری بوو، بۆیە بڕیار دەدات زێدی خۆی جێبهێڵێت. هەژار بە خێزانەوە روو لە توركیا دەكات. هێندە دڵی لەلای هاوژین و دوو كوڕەكەی بوو، حەزی نەدەكرد قەدەریان بداتە دەست هەموو قاچاخچییەك، بۆیە ماوەیەكی زۆر بەدوای قاچاخچییەكدا گەڕا كە بە سەلامەتی لە توركیاوە بیانپەڕێنێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام خەونەكانی هەژار هەر زوو بوون بە سەراب. گۆڕستانێكی یۆنان دەبێتە دوا مەنزڵگەی یەكێك لە كوڕەكانی.

هەژار كە ئێستا گەیشتووەتە فینلاند، بەسەرهاتی خۆی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "كە گەیشتینە توركیا، ماوەیەكی زۆر بەدوای قاچاخچیدا گەڕاین،  قاچاخچییەكمان دۆزییەوە كە من و هاوژینەكەم و دوو منداڵەكەم بە 25 هەزار دۆلار بە رێگایەكی سەلامەت بگەیەننە یۆنان، بەڵام بەڵێنەكەیان راست دەرنەچوو".
هەژار باسی ئەو رۆژە رەشە دەكات كە لەگەڵ چەندین كۆچبەری دیكە تێیكەوتن و دەڵێت: "ئەو رۆژەی بەڕێیان كردین، نزیكەی 150 كەس دەبووین، كە گەیشتینە لای بەلەمەكە بەشێك لە كۆچبەرەكان ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام قاچاخچییەكان بە زەبری چەك سواری بەلەمەكەیان كردین".
 
ئەو بەلەمەی هەژار و كۆچبەرەكانی بۆ یۆنان دەگواستەوە، پێش ئەوەی بگاتە كەنار دەریا، بەرەڕووی شەپۆلی بەهێزی دەریا بووەوە. ئیدی كەس نەبووە برای كەس، هەر كەس لە خەمی رزگاركردنی گیانی خۆی یان منداڵەكانیدا بووە. ژمارەیەك لە كۆچبەرەكان لە نێو ئاودا دەخنكێن كە یەكێكیان ئەحمەدی كوڕی هەژار بوو.

هەژار دەڵێت: "ئەوكاتەی لە یۆنان نزیك دەبووینەوە، مەرگ بەرەو روومان هات، رۆژی 27/10/2015 بەلەمەكەمان لەنێو ئاودا تێكشكا، من تەنیا فریای رزگاركردنی هاوژینەكەم و یەكێك لە كوڕەكانم كەوتم، ئەحمەد كە كوڕە بچووكەكەم بوو، تەمەنی تەنیا ساڵ و نیوێك بوو، خنكا. ئیدی لەو كاتەوە كوردستان و ئەوروپا و ژیانم لەبەرچاو رەش بوو".

دوای گەیشتنیان بە خاكی یۆنان، ئەو خێزانە كوردە ناچاربوون روو بكەنە گۆڕستانێك بۆ بە خاكسپاردنی كوڕەكەیان، ئیدی پاش ئەوە دەكەونە ململانی لەگەڵ قاچاخچییەكان، چونكە هۆكاری خنكانی كوڕەكەیان بوونە، هەژار دەڵێت ئەوان خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوونە و بە زەبری چەك سواری ئەو بەلەمەیان كردوون كە ئەوان گومانیان هەبووە بە سەلامەتی 150 كۆچبەر بگەیەنێتە شوێنی مەبەست.

دایك و باوكی ئەحمەد هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر قاچاخچییەكانەوە نەبوو، بۆیە بڕیار دەدەن لە رێگەی یاساوە تۆڵەی  كوڕە خنكاوەكەیان لە قاچاخچییەكان بكەنەوە، بەڵام یاساكانی ئەوروپاش فریایان ناكەون.

هەژار دەڵێت "قاچاخچییەكانم دەناسین، دواتر چوار لەوان روویان كردە فینلاند، بۆیە كاتێك گەیشتمە فینلاند و زانیم ئەوانیش لەوێن، سكاڵام لەسەر تۆماركردن".

سەبارەت بە ئەنجامی سكاڵاكە، هەژار گوتی: "پۆلیس و دەزگای دادی ئەو وڵاتە سەرەتا زۆر لە خەمی كەیسەكەمدابوون، هەرزوو دۆسیەیان بۆ كردەوە و بەدواداچوونیان كرد، دواتر چەند كەسێكیان بە تۆمەتی قاچاخچێتیی بە مرۆڤەوە دەستگیر كرد، بەڵام دواتر ساردبوونەوە لە دۆسیەكە، هیچ هەنگاوێكیان نەنا بۆئەوەی مافی خۆمان لەو قاچاخچیانە وەربگرینەوە، تەنیا وەك شایەتحاڵ حیسابیان بۆ كردین، نەك خاوەن دۆسیەیەكی مافخوراو، تەنانەت دوای دوو ساڵ قاچاخچییەكانیش ئازادكران".

هەژار و خێزانەكەی ماوەی سێ‌ ساڵە لە شارۆچكەی ئیماترا لە رۆژهەڵاتی فینلاند لە نزیك سنووری رووسیا نیشتەجێن، هێشتا مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە. هاوژینی هەژار لەوێش منداڵێكی دیكەی بووە. بەڵام منداڵەكەیان ئایندەیەكی ناڕوونی هەیە، چونكە هیچ ناسنامەیەكی نییە. 

كێشەی ئەو خێزانە كوردە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، لەلایەك مافی پەنابەرییان پێنەدراوە و ترسیان هەیە لەو وڵاتە دەربكرێن، لەلایەكی دیكەشەوە قاچاخچییەكان دەستیان بەسەر پاسپۆرت و ناسنامەكانیاندا گرتووە.

هەژار دەڵێت: "بۆ ئەوە هاتینە ئەوروپا وەكو مرۆڤ بژین، كەچی ئێستا ژیانە تاڵەكەی كوردستانیشمان لەبیرچووەتەوە. بەهۆی ئەو هەموو كێشەیەی رووبەڕوومان بووەتەوە، ئەم ژیانەی ئێرەشمان لێ تاڵ بووە، بەداخەوە هەموو شتێك بۆ من و خێزانەكەم پێچەوانە بووەوە".

تاكە شوێن جێی ئومێدی هەژار بووبێ‌، دەزگای كۆچی فینلاند بووە، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانیوە هیچی بۆ بكەن. هەژار دەڵێت: "سێ‌ ساڵە لەم وڵاتە بەبێ‌ ئیقامە دەسووڕێمەوە. چەندینجار سەردانی دەزگای كۆچم كردووە، كێشەی خۆم لەگەڵ قاچاخچییەكان بۆ باسكردوون، كەچی ئەوان پێمدەڵێن بگەڕێنەوە كوردستان، لەوێ‌ كێشەكانتان چارەسەر بكەن".

فینلاند.. وڵاتێكی سارد بەرامبەر كۆچبەر

فینلاند تەنیا بۆ هەژار ساردوسڕ نییە، بەڵكو زۆربەی ئەو كۆچبەرانەی روویان لەو وڵاتە كردووە، دەڵێن پێشوازیشی لە كۆچبەران وەكو كەشوهەواكەی ساردوسڕە. زۆر لە كۆچبەران داوای مافی پەنابەریان رەتدەكرێتەوە. ئەوانەشی پەنجەمۆری وڵاتانی دیكەی ئەوروپایان هەیە، هەر زوو لەلایەن پۆلیسەوە تەنگاو دەكرێن كە ئەو وڵاتە جێبهێڵن. پێدەچێ هۆكارەكەی ئەوە بێ‌ كە ئەم وڵاتە خۆی نەیەوێ لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەی دانیشتووانی زیادببێ‌ و دواتر بەرەوڕووی قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتیی لەگەڵ كۆچبەران ببێتەوە. 

بەپێی ئاماری رێكخراوی جیهانیی كۆچ، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی روویان لە فینلاند كردووە بەرەو كەمبوونەوە چووە، هۆكارەكەشی بۆ رێگریی وڵاتانی ئەوروپا لە كۆچبەرانی نایاسایی گەڕاندووەتەوە، هەروەها فینلانداش بۆ پێشوازی لە كۆچبەران گەرموگوڕ نییە.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە، لە ساڵی 2015دا 21 هەزار و 500 كۆچبەر روویان لە فینلاند كردووە. بە پێچەوانەی فینلاند "سایتی یوئێس نیوس"ی ئەمریكی، لەڕووی پێشوازییەوە لە كۆچبەران سویدی دراوسێی فینلاندی  بە "وڵاتێكی باش" وەسف كردووە.