پێسکۆڤ: لە رزگارکردنی دۆنێتسک نزیکین و بۆ وەستانی جەنگیش دەبێت زیلینسکی بڕیار بدات


رووداو دیجیتاڵ

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی تەنیا چەند کیلۆمەترێکیان ماوە بۆ گەیشتن بەو سنوورەی دایانناوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاشتیی بەردەوام تەنیا کاتێک دێت کە بەرژەوەندییەکانی رووسیا پارێزراو بن و ئۆکراینا مەرجەکان قبووڵ بکات.
 
پێسکۆڤ گوتی، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەتوانێت بە بڕیارێکی "ئاشکرا" لە شەو و رۆژێکدا کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. گوتەبێژی کرێملن هۆشداری دا و گوتی: "تاوەکو ئەو کاتەی زیلینسکی بوێریی ئەوەی تێدا دروست دەبێت کە ئەم بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکان دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست بەردەوام دەبن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێسکۆڤ رەخنەی لە حکومەتی ئۆکراینا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵی "شۆردنەوەی مێشکی مەسیحییەکان" دەدات و رێگری لە خەڵک دەکات بچنە کەنیسە ئۆرسۆدۆکسەکان. پێسکۆڤ گوتی: "ئۆکراینییەکان ئێستا داوا دەکەن رووسیا هێرشەکانی رابگرێ، بەڵام ئەمە سادەیە: ئێمە ئاشتییەکمان دەوێ کە تێیدا ئامانجە سەرەتاییەکانمان بەدی هاتبێت."
 
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا ئاشکرای کرد کە تەنیا نزیکەی 17٪ بۆ 18٪ی خاکی دۆنێتسک ماوە تاوەکو بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. پێسکۆڤ گوتی: "جووڵەی هێزەکانمان بەرەو پێشەوە زۆر روونە. ئەگەر زێلێنسکی فەرمانی پاشەکشە بە سوپاکەی بدات، ئەوا " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەوەستن.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەبارەی کێشەی ئۆکراینا لە ئارادایە، پێسکۆڤ رایگەیاند کە هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی ئەنجام نادرێ و گوتی: "ئەو بابەتە ئێستا هەڵپەسێردراوە، چونکە ئێمە بە تەواوی لەوە تێدەگەین کە هاوتا ئەمریکییەکانمان [بەهۆی جەنگی ئێرانەوە] چەندە سەرقاڵن."