راپۆرتێک: سعودیە چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر ئێران

رووداو دیجیتاڵ

دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و دوو بەرپرسی ئێرانی دەڵێن، سعودیە لە کاتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر ئێران، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرانە سەری. 
 
دوو بەرپرسی رۆژئاوایی بە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)یان راگەیاندووە، هێرشەکان لەلایەن هێزی ئاسمانیی سعودیە و لە کۆتایی مانگی ئاداردا کراون. یەکێک لەو بەرپرسانە گوتوویەتی، هێرشەکان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئێران بوون، لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر خاکی سعودیە.
 
وەک رۆیتەرز دەڵێ، لەگەڵ ئەو ‌هێرشەیشدا سعودیە هەوڵی دا بۆ ئەوەی رێگە نەدات جەنگەکە گەورەتر بێت و لەو چوارچێوەیەشدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوو لەگەڵ ئێران، لەوانەش لە رێگەی باڵیۆزی تارانەوە لە ریاز. 
 
بەرپرسێکی باڵای سعودیە لەو بارەوە بە رۆیتەرزی گوتووە: "جەخت لە پێگەی نەگۆڕی سعودیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دانبەخۆداگرتن بە ئاراستەی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە و خەڵکەکەی دەکەینەوە". 
 
دوو بەرپرسی ئێرانی و دوو بەرپرسی رۆژئاوایی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سعودیە بەرپرسانی ئێرانی لە هێرشەکان ئاگادارکردەوە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی چڕی دیپلۆماسی و هەڕەشەی سعودیە بۆ هێرشی زیاتر". بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، دۆخەکە بووە هۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێش راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە 7ی نیسان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بەرپرسێکی ئێرانی لەو بارەوە دەڵێ، تاران و ریاز رازی بوون کە گرژییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە و گوتی، ئامانج لە هەنگاوەکە "وەستاندنی دووژمنکارییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێگەگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان بوو". 
 
جەنگی ئێران و ئەمریکا لە 28ی شوبات دەستیپێکرد و لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژی جەنگەکەدا ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە سعودیە یەکێک لەوانە.
 
بەگوێرەی میدیای سعودیە، لە کاتی جەنگەکەدا 53 مووشەک و 1006 درۆن ئاراستەی سعودیە کران. وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژە بەوە دەکات، لە رۆژانی 25 تاوەکو 31ی ئادار 105 درۆن و مووشەک ئاراستەی سعودیە کرابوون، بەڵام ژمارەکە لە 1 تاوەکو 6ی نیسان بۆ 25 دانە دابەزی. 
 
بەردەوامبوونی هێرشەکان وایکرد، رۆژی 19ی ئادار فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بڵێ، شانشینەکە مافی خۆیەتی "هەنگاوی سەربازی بنێت، ئەگەر پێویست بکات".