تێریزا مەی وەك سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەستبەكار بوو
رووداو - لەندەن
تێریزا مەی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاژنی وڵاتەكەی وەك سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەكاربوو.
تێریزا مەی، وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیا سەردانی كۆشكی بەكینگهامی كرد و داواكارییەكەی شاژنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت قبوڵ كرد.
دوای مارگرێت تاچەر، مەی دەبێتە دووەم ژنە سەرۆكوەزیران لە مێژووی بەریتانیا.
لە گوتاری ماڵئاوایی لە داونینگ ستریت (باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران) دەیڤید كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، مەی دەتوانێت سەركردایەتییەكی بەهێزی بەریتانیا بكات و وڵات سەقامگیر بكات، هیواشی خواست لە گفتوگۆكانی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا سەركەوتوو بێت، كە بڕیارە لەبارەی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستپێبكات.
تێریزا مەی هاوشێوەی دەیڤید كامیرۆن پشتگیریی مانەوەی بەریتانیای لە یەكێتی ئەوروپا دەكرد، بەڵام دوای سەركەوتنی كەمپەینی جیابوونەوە رایگەیاند، وەك سەرۆكوەزیرانی نوێ هەموو كارێك دەبێت بۆ سەرخستنی ئەو بڕیارە بەریتانییەكان.
تێریزا مەی
1956لە دایکبووە
بە تاچەری نوێ ناودەبردرێت
جوگرافیای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد خوێندووە
لە 2010ـەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیایە
ساڵی 1997 لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران بووەتە ئەندامی پەرلەمان
2002 بۆ 2003 یەکەم ژنبووە ببێتە ئەمینداری پارتی پارێزگاران
ساڵی 1980 ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و منداڵی نییە