ژاپۆنییەکان مردن ئەزموون دەکەن
رووداو - ئاژانسەكان
بەگشتی خەڵک بە کاروبارەکانی دواڕۆژیانەوە سەرقاڵن و پلان بۆ مۆڵەت و خانەنشینی و بابەتی دیکەی ژیان دادەنێن، بەڵام هەندێک لە ژاپۆنێكان خۆیان بە دانانی پلانی دواین رۆژی ژیانیان سەرقاڵ کردووە، بەر لە هەموویان گرنگی بە گرەنتی دابینکردنی تابووتەکانیان دەدەن.
پلاندانانی پێشوەختە بۆ رێکخستنی تابووت، مەرج نییە تەنها نەخۆشەکان یان ئەوانەی لە سەرەمەرگن پێی هەڵبستن، بەڵکو زۆرینەیان تەندروستییەکی باشیان هەیەو لە تەمەنێکی زوودان، لەگەڵ ئەوەش دەیانەوێت تابووتێکی شیاو و گونجاو لەسەر خواستی خۆیان دابین بکەن، هەروەها جۆری ئەو گوڵانە و ئەو دارەی بۆ دروستکردنی تابووتەکە بەکاردێت، هەتا جلوبەرگ و ماکیاژەکانیش دیاریدەکەن.
پێشانگای "شوكاتسو فیستا" چەندین کتێب کەتەلۆکی تایبەت بە تابووت بەهەموو قەبارەو شێوەیەک بە چاپ گەیاندووە، لەلایەکی دیکەشەوە جۆرەها رەنگی گوڵی نمایشکردووە، بێجگە لەمانە پڕۆڤەیەکی تەواو بە کەسەکان دەکات، وەکو لەبەرکردنی جلی ناشتن و ئەو ماکیاژەی لەگەڵ پێستی کەسەکە گونجاو دەبێت لەدوای مردنی.
بەشداربووان شێوەی خۆیان بە مردوویی بەتەواوی بە چاوی خۆیان دەبینن، هەندێکیان سەری تابووتەکە لەسەر خۆیان دادەخەن بۆ ئەوەی دەست بە ناوەوەی تابووتەکە دابهێنن و بزانن تا چەند شیاوە بۆیان.
پێشانگای "شوكاتسو فیستا" لە تۆکیۆ بە هاوکاری 50 کۆمپانیای رێکخستنی رێوڕەسمی بەخاک سپاردن، لەمساڵدا 5 هەزار کەسی بەشداری پێکردووە، ئەم کارەش سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، لەگەڵ ئەوەی پلاندانان بۆ مردن بەپێی دابونەریتی کۆنی یابانی، بەکارێکی نەشیاو و نەگونجاو دادەنرێت.