لە ئەڵمانیا کوردێک رکابەری بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی کۆلن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی شەممە، 13-9-2025، رووماڵێکی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نۆردراین فێستفاڵن کرد کە زۆرترین کورد لەوێدا نیشتەجێن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە سەرانسەری ئەڵمانیادا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کورد دەژین و بەشی هەرەزۆریشیان لە هەرێمی نۆردراین فێستفاڵن دەژین.
رۆژی 14-9-2025، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمەکە بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 300 لیست و بەربژێری کورد لە رکابەریدان. بەتایبەتیش شاری کۆلن زۆرترین چاوی لەسەرە و بەربژێرێکی کورد رکابەری بۆ بەدەستهێنانی دەکات؛ واتا ئەگەر هەیە کوردێک ببێتە سەرۆکی شارەوانی.
خانمێکی کورد بەربژێرە بۆ شارەوانیی کۆلن
بێریڤان ئایماز، ساڵی 1972 لە چەولیکی باکووری کوردستان لە خێزانێکی سیاسی لەدایکبووە، ساڵی 1978 چوونەتە ئەڵمانیا. ساڵی 2017 بووەتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆترینگس فالن و یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمەکەدا کە پێشینەی کۆچبەری هەیە.
بێریڤان لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان؛ جێگری سەرۆکی پەرلەمانە، پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شاری کۆلن بەربژێری دەکات.