پەیامی ئۆجەلان بۆ فێستیڤاڵی کولتووریی کورد لە ئەڵمانیا


رووداو دیجیتاڵ

پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتووریی کورد، لە  ئەڵمانیا خوێندرایەوە.

لە بەیانیی رۆژی شەممە، 13-9-2025ــەوە کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی جیاوازی ئەورووپادا لە شوێنی فێستیڤاڵەکە کۆبوونەوە. ئامادەبووان دەستیان بە ئاهەنگ و پیرۆزبایی کرد و چالاکیی جۆراوجۆر پێشکێشکران.
 
یەکیک لە چالاکییەکان "رێپێوانی ئازادی و دیموکراسی" بوو کە وەک نەریتێک ساڵانە بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵیش پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و رۆژی 9ـی ئەیلوول لە کۆلن دەستیپێکرد و بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە رێڕەوی جیاوازدا بەردەوام بوو، دواجار لە شوێنی فیستیڤاڵەکە کۆتاییهات.
 
فێستیڤاڵەکە بە جۆش و خرۆشەوە دەستیپێکرد و ئەو نامەیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش خوێندرایەوە کە بۆ فێستیڤاڵەکە نووسیبووی.
 
دەقی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: 
 
هاوڕێیانی خۆشەویست،
 
ئێوە کە لە ئەورووپا دەژین، بەهۆی ناچاری و گوشارەوە رووتان لەوێ کرد، بەڵام بە پێشخستنی ئەو پرۆسەیەی دەستمان پێکردووە، گەڕانەوەتان بۆ وڵات دەروازەی دەستپێکێکی نوێ دەبێت. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ئێوە ریشەکانتان بە کولتوور، زمان و رەنج پاراست؛ لە هەموو بوارێکدا درێژەتان بە خەبات دا.
 
ئەمڕۆ لە وڵاتەکەماندا بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، پێویستییەکی زۆر بەو ئەزموون و پشتیوانییە هەیە کە خەباتی ئێوە لە ئەورووپا بەرهەمی هێناوە، چونکە ئێرە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و بنیادنانەوەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم پرۆسەی بنیادنانەوەیە بە بەشداریی ئەوانەی لە تاراوگەدان، بەهێزتر دەبێت.
 
ئەم پرۆسەیەی ئێستا هەوڵدەدەین پێشی بخەین، پرۆسەی دووبارە کۆکردنەوەی هەموومانە لەگەڵ ریشە، خاک و یادگارییەکانمان. کۆبوونەوەتان لە فێستیڤاڵی کولتووریی ئەورووپا، جگە لەوەی چالاکییەکی کولتوورییەکان، لە هەمان کاتدا راگەیاندنی ویستی زیندووکردنەوەی ریشەی گەلەکەمانە لە تاراوگە.
 
وەکو دەرەنجامی ئەو سیاسەتەی هەیە، هێزی گەنجانی وڵات رووی لە دەرەوە کردووە. دەبێت بەرنامەیەکی فرەڕەهەند بۆ رێگریکردن لەمە دابنرێت. لەم بارودۆخانەدا، بەڕێوەبردنی خەبات لەسەر خاکەکەمان دەبێت ئامانج و مەبەستی سەرەکیمان بێت.
 
کاتێک پێکەوە بین، چ لە تاراوگە و چ لە وڵات، هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم رێپێوانە بوەستێنێت. بە کەڵەکەبوونی ئەو کولتوور و سیاسەتەی ئێوە دروستتان کردووە و دوای ئەوەش کە خەباتی ئێمە لەگەڵیدا یەکدەگرێت، قۆناخێکی نوێ لە رێگەی ئازادی و دیموکراسی دەستپێدەکات.
 
لەگەڵ خۆشەویستی، باوەڕ و پشتیوانیی بێ کۆتا.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمرالی"