ئەردۆغان و ماکرۆن کۆبوونەوە و باسی غەززەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 لە میسر کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماریی تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوتا فەرەنسییەکەی لە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ لە میسر کۆبوونەتەوە.
هەردوو سەرۆککۆمار لە دیدارەکەیاندا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کردووە و یەکێک لەو باسانە دۆخی غەززە و ئاگربەستەکە بووە.
هەر بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکان، ئەردۆغان جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە و واڵابوونی دەرگاکان بۆ گەیشتنی هاوکاری و کۆمەکیی مرۆیی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو تراژیدیا و قەیرانە مرۆییەی غەززە بێت. هاوکات ئاماژەی کردووە، تورکیا بێ پچڕان هاوکاری و کۆمەک دەنێرێت.
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ماکرۆن و ئەردۆغان تاوتوێیان کرد، پەیوەندییەکانی پاریس و ئەنقەرە بوو و ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە هاوئاهەنگیی نێوانیان نیشانداوە.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بە سەرۆککۆماری فەرەنسای گوتووە، چارەسەری دوو دەوڵەتی، کۆتایی بە کێشەی فەلەستین دەهێنێت.
لەدوای ئاگربەستی نێوانیان، رادەستکردنەوەی بارمتە و تەرمەکان دەستیپێکردووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 7 بارمتەکەیان وەرگرتووە و دەگوازرێنەوە بنکەی سەربازیی ریعيم لە باشووری ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەوێوە دوای بینینی کەسوکاریان، بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشوازی لە گەڕانەوەی ژمارەیەک بارمتە کرد.