نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆچبەران مۆرەی شەترەنج نین تاوەکو یاریان پێبکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی هەندێک لە برسێتی و شەکەتیی حاڵی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندای کەمکردووەتەوە، ئەو کۆچبەرانە تەنیا لەسەر سنوور و لەنێو یارییەکی سیاسیی مەترسیداری نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەوروپادا گیریان خواردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوەتی هێناوەتە سەر هێڵ بۆ رزگاربوونیان لەو بارودۆخە.
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پەیامی ئێمە بۆ لایەنەکان ئەوەیە، نابێت خەڵک وەکو ئامرازێک بەکاربهێندرێت، چونکە ئەوانە ئامراز نین، ئەوانە مۆرەی شەترەنج نین، ئەمانە مرۆڤن، لە هەمووی گرنگتر ئەوەی کە دەبێت رووبدات، دەبێت پێداویستیی سەرەتایی و مافە بنچینەییەکانیان پارێزراو بن."
 
یەکێتیی ئەوروپا، رووسیا بە پاڵپشتیکردنی بێلاڕووس لە پاڵپێوەنانی کۆچبەران بۆ سەر سنوور تۆمەتبار دەکات، سەرۆکی رووسیا گوتی، ئەو قەیرانە نە هەڵەی رووسیایە نە هی بێلاڕووس، بەڵکو وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا دەستپێشخەرییان کردووە و وڵاتێکی وەکو ئەمریکایە بچێتە هەر شوێنێک خەڵکەکەی کۆچدەکەن.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، "لەبیری مەکەن ئەم قەیرانەی کۆچبەران لە کوێوە سەری هەڵدا. ئایا ئەوە بێلاڕووسە کە پێشڕەویی ئەم کێشانەی کردووە، یان چی؟ نەخێر، ئەم هۆکارانە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا خۆیانەوە دروستکراون، بە وڵاتانی ئەوروپاشەوە. ئەمەش لە رووی سەربازیی و ئابوورییەوە. لە رووی سەربازییەوە، چونکە هەموویان بەشدارییان لە شەڕی عێراقدا کرد، بۆیە ئێستا ژمارەیەکی زۆری کوردی عێراق لەسەر سنوورن. بۆ ماوەی 20 ساڵ شەڕیان لە ئەفغانستاندا کرد، بۆیە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئەفغانییەکان لەوێن. ئەمە هیچ پەیوەندی بە بێلاڕووسەوە نییە."

 

 
ئێستا ترسی ئەوە هەیە کە هەڕەشەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا لە یەکدی، ببێتە کردار، پۆڵەندا و بێلاڕووس هێزیان لە بەرامبەر یەکدی ئامادە کردووە، رووسیا بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەکدی دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بە ئاسمانی بێلاڕووسدا سوڕاندەوە.
 
لەولاشەوە پۆڵەندا دەیان تانک و زرێپۆشی رەوانەی سەر سنوور کردووە، سەرۆک و وەزیری بەرگریی پۆڵەندا لەکاتی بەسەرکردنەوەی سەربازانیان رایانگەیاند، دۆخەکە مەترسیدارە. میدیای خۆجێیی بێلاڕووسیش باسی لەوە کردووە کە هەوڵ هەن چەک رادەستی کۆچبەران بکرێت، بەڵام هیچ لایەنێک بە بەڵگە ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
بە گوتەی پۆڵەندا سێ بۆ چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورن و رۆژانە ژمارەیان زیاد دەکات، دیتەر رۆمان، سەرۆکی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا لە رێگەی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، گوتی، "دۆستانی ئازیزی عێراقی و کورد.. کۆچ مەکەن بۆ بێلاڕووس.. مەڕۆن بۆ بێلاڕووس.. ئێوە لەوێ وەک بارمتەن و بەو شێوەیەش مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت. سنووری پۆڵەندا داخراوە و بە داخراوی دەمێنێتەوە.. بێلاڕووس رێگەتان نادات بەرەو ماڵەوە بگەڕێنەوە، رێگەی گەڕانەوەتان نییە.. ئێوە لە دارستانە ساردەکانی بێلاڕووس گیردەخۆن کە پلەی گەرما لەژێر سفرەوەیە.  واتە رووبەڕووی سەرمای زۆر دەبنەوە. زۆر کەسانی خەڵکی وڵاتەکەتان لەوێ گیانیان لەدەستداوە. وڵاتەکەش هەرگیز ناتانبات بۆ نەخۆشخانەکان. بڕوا بە پەیمانی بێبنەما مەکەن، دوای بەڵێنی درۆ مەکەون، خانووەکانی خۆتان مەفرۆشن. بەڵێنە درۆکانی پێتان دەڵێن دوای دوو رۆژ دەگەنە ئەڵمانیا و بەڵێنی پارە و ئۆتۆمبێلتان پێدەدەن، هەموو ئەوانە درۆن. خێزانەکانتان بەجێمەهێڵن نیشتمانی خۆتان  بەجێمەهێڵن.. نیشتمانی شانازیتان پێویستی بە ئێوەیە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە شەڕ، ئەوە ئەرکێکی نیشتمانییە کە داهاتوویەکی بۆ دروست بکەن، هەروەها بۆ خێزانەکانتان کە زۆر قوربانییان داوە. بابەتەکە پرسی شکۆیە، نیشتمانەکەتان پێویستیی پێتانە."