گوتەبێژی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا: پێویستمان بە گشتپرسییەکی دیکەیە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا دەڵێت، هێشتا پێیانوایە گشتپرسی بڕیارێکی گونجاو بوو و لەگەڵ گشتپرسییەکی دیکەیە بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان، چونکە ئیسپانیا دان بە مافی بڕیاردان لە چارەنووس نانێت.
 
ئولالیا ریگانت، گوتەبێژی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێت، "لە کەتەلۆنیا ئێمە ویستی سەربەخۆییمان هەیە، بەڵام هەروەها لە فەڕەنسا کۆرسیکا هەیە کە ویستی سەربەخۆیی هەیە، ناوچەی جیاواز هەن لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا کە ویستیان بۆ ئۆتۆنۆمی زیاتر یان سەربەخۆیی هەیە."
 
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا گوتەبێژی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا باس لەو ئاڵنگارییانە دەکات کە کەتەلۆنییەکان لەپێناو سەربەخۆیدا پێیدا تێدەپەڕن و بە وردی باس لەو خاڵانە دەکات کە ئیسپانیا وەکو دەوڵەتێکی دیموکراسی بە مافی دیموکراسییانەی خەڵکی کەتەلۆنیای رەوا نابینێت، بەڵام خەڵک یەکانگیرن و سوورن لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان پێکەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئولالیا ریگانت، گوتەبێژی پێشووی پەرلەمانی کەتەلۆنیا:
 
رووداو: گوتارێکم لە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز خوێندەوە، کە لەلایەن پێرێ ئاراگۆنز، سەرۆکی کەتالۆنیاوە نووسراوە، باسی هەوڵدان بۆ گشتپرسییەکی دیکە دەکات و  دەڵێت، ویستی سەربەخۆیی لە کەتەلۆنیا هێشتا زاڵە و دەیانەوێت گشتپرسییەکی دیکە بکەن، ئایا خەڵک لە کەتەلۆنیا هێشتا رژدن لەسەر سەربەخۆیی، دوای هەموو ئەوەی کە بینیمان لە ساڵی 2017؟
 
ئولالیا ریگانت: زۆرینەیەک هەیە لە کەتەلۆنیا دەزانێت کە ململانێ لەنێوان خەڵکی کەتەلۆنیا، حکومەتی کەتەلۆنیا و حکومەتی ئیسپانیا هەیە، باشترین رێگەش بۆ چارەسەرکردنی، زۆرینە پێیوایە لە رێگەی گشتپرسییەوەیە و بەرگری لێدەکەن، ئەمە هێشتا لەنێو ئەجێنداکە ماوە، زۆرینەی خەڵک سەربەخۆیی دەوێت، یان لانیکەم دەیانەوێت دەنگی بۆ بدەن، ئەوان دەڵێن ئەمە باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، لەم رووەوە من هاوڕام لەگەڵ پێرێ ئاراگۆنز، کە پێویستە گشتپرسییەکی دیکە بکەین، گشتپرسی هێشتا بەشێکە لە ئەجێنداکە.
 
رووداو: دەزانین چی روویدا لە ساڵی 2017 وەکو بێدەنگکردنی خۆپیشاندەران و خەڵک، ئەگەر بڕیارێک هەبێت لەلایەن سەرۆکی کەتەلۆنیا و پەرلەمانی کەتەلۆنیاوە بۆ ئەوەی گشتپرسییەکی دیکە بکرێت، پێتوایە حکومەتی ئیسپانیا رێگە دەدات؟
 
ئولالیا ریگانت: گفتوگۆ دەکرێت ئایا رێگەی تێدەچێت یان نا، یان ئایا پێویستە یان نا، ئەمە پێویستییە. گشتپرسییەکی نوێ پێویستە، باشترین رێگە بۆ ئەوەی بزانین، یان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، چونکە ناکۆکییەکە هێشتا لەوێیە و ماوە، ئایا حکومەتی ئیسپانیا یان دەوڵەتی ئیسپانیا بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت؟ بە تێڕوانینی ئێمە، ئەم شاندەی کەتەلۆنیا کە چەند رۆژێکە لێرەین، نەخێر، حکومەتی ئیسپانیا بەهیچ شێوەیەک گشتپرسییەکی دیکە قبووڵ ناکات، چونکە کێشە سەرەکییەکە و ناکۆکییەکە سەرەکییەکە کە ئێمە لەگەڵیدا رووبەڕووین لەگەڵ دەوڵەتی ئیسپانیا ئەوەیە کە دان بە مافی بڕیاردان لە چارەنووس نانێن، دان بەوەشدا نانێن کە خەڵکی کەتەلۆنیا مافی ئەوەیان هەیە گشتپرسی بکەن، بەڵام بۆ ئێمە ئەمە پرسێکی دیموکراتییە، ئەگەر دەوڵەتی ئیسپانیا دانی پێدا نانێت یان گشتپرسی قبووڵ ناکات، ئەوە ئامرازێکی دیموکراتییە، ئەوەی کێشەی هەیە خەڵکی کەتەلۆنیا نییە، بەڵکو حکومەتی ئیسپانیا و دەوڵەتی ئیسپانیایە، بۆیە پێویستە رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ناچارکردنی حکومەتی ئیسپانیا لە رووی سیاسییەوە بۆ قبووڵکردنی گشتپرسییەکی نوێ. پێویستمان بەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یان هەندێک ئەکتەری نێودەوڵەتی گوشار لە حکومەتی ئیسپانیا بکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستمان بەوەیە خەڵکی کەتەلۆنیا کۆببنەوە و خۆپێشاندان بکەن، کە پێش 2017 و دوای 2017ش کردمان.
 
رووداو: لە 2017 جێی سەرسوڕمان بوو لە وڵاتێکی دیموکراسیدا  کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە، بەڵام پاڵپشتییەکی بەرچاو بۆ خەڵکی کەتەلۆنیا بەدی نەکرا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئەکتەرە ئەوروپییەکانیش، پێتوایە ئەمجارە هیچ جیاوازییەک دەبێت، یان بە راستی پێشبینی هیچ پاڵپشتییەک لەو وڵاتانەوە دەکەیت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بڕوایان بە هەڵبژاردنی دیموکراتییانە و مافی بڕیاردان لە چارەنووس هەیە؟ 
 
ئولالیا ریگانت: من زۆر متمانەم پێیان نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە حکومەتی کەتەلۆنیا پێویستە کار لەسەر ئەم دانپێدانانە بکات، مانای ئەوە نییە کە هەموو شتێک روودەدات تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیارمان داوە رووبدات، بەڵکو دەبێت کاری بۆ بکەین و پێویستە ئاگاداربین، کە ئەکتەرە ئەوروپییەکان بەشێوەیەک یەکدی دەپارێزن، چونکە لە کەتەلۆنیا ئێمە ویستی سەربەخۆییمان هەیە، هەروەها لە فەڕەنسا کۆرسیکا هەیە کە ویستی سەربەخۆیی هەیە، ناوچەی جیاواز هەن لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا کە ویستیان بۆ ئۆتۆنۆمی زیاتر یان سەربەخۆیی هەیە.
 
رووداو: سکۆتلاند بۆ نموونە، هێشتا دەیەوێت..
 
ئولالیا ریگانت: بەڵێ، بەڵام شانشینی یەکگرتوو چیدی لە یەکێتیی ئەوروپا نییە، بەڵام بەڵێ، زۆر هەن، ئەمە زۆر سەختە بۆ ئەکتەرە ئەوروپییەکان کە گشتپرسییەک لە کەتەلۆنیا بۆ نموونە قبووڵ بکەن، چونکە ئەگەر لە وڵاتێکدا لە یەکێتیی ئەوروپا رووبدات، بۆچی لە وڵاتێکی دیکە روونەدات، بەڵام ئەگەر ئەوان بەرگری لە دیموکراسی دەکەن، پێویستە فێربن کە دەوڵەتی ئیسپانیا هێشتا هەندێک کەلەپووری رژێمی فاشیستی هەیە کە لە کۆتایی نەوەدەکان کۆتایی هات، ئەمە شتێکە هەرگیز نەگۆڕا، ئێمە بینیمان کە دەسەڵاتی دادوەری هەر وەکو خۆی بوو، لە رۆژی پێش کۆتایی دیکتاتۆر و رۆژی دواتریش، بۆیە ئەمە شتێکە کە ئێمە دەڵێین پێویستە بگۆڕدرێت و پاکبکرێتەوە. لەبەر ئەمەش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە ئێمە ئێستا رووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە کە دادگەی دەستووری و دادگەی باڵا یاسا لە دژی جووڵانەوەی کەتەلۆنیا بەکاردێنن نەک لەپێناو ئەوەی لەنێو یاساکەدا نووسراوە، بەڵام تەنیا لەبەر بەرژوەندیی خۆیان و بەرژەوەندیی سیاسییان.
 
رووداو: لە 2017 لە هەمان هەفتەدا، کوردستانیش گشتپرسی کرد، لەهەمان کات و مانگدا لەگەڵ خەڵکی کەتەلۆنیا، دەزانین چی لە کوردستان روویدا حکومەتی عێراق دەستیکرد بە گوشارکردن و هێزی بەکارهێنا لە دژی کورد، لە هەمانکاتدا حکومەتی ئیسپانیا دەستیکرد بە بەکارهێنانی هێز لە دژی خەڵکی کەتەلۆنیا، بەڵام ئەگەر لە روانگەی کوردستانەوە قسە بکەم، گوشارەکان لەلایەن حکومەتەوە لە بەغداوە لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامن بەهۆی ئەوەی لە 2017 روویدا، خەڵکیان پاڵنا بۆ نێو قەیرانێکی ئابووری و لە رووی سیاسییەوە هێشتا گوشار لە کورد دەکەن و لە رووی ئابوورییەوە گوشارێکی گەورە دەکەن، بە جۆرێکیش هێز و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەمدەکەنەوە کە بەگوێرەی دەستووری فیدراڵیی هەرێمی کوردستان هەیەتی، ئەو مافانە رەتدەکەنەوە. ئایا هەمان شت لەگەڵ خەڵکی کەتەلۆنیا، ئایا کەتەلۆنیا وەکو هەرێمی هێشتا رووبەڕووی جیاکاری و گوشار دەبێتەوە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەهۆی ئەوەی لە 2017 روویدا، وەکو تۆڵەکردنەوەیەک؟
 
ئولالیا ریگانت: بەڵێ، بەڵام جیاکاری لە رووی ئابووری و داراییەوە هەمیشە هەبووە لە کەتەلۆنیا، هەمیشە وابووە کە کەتەلۆنیا رۆڵ و بەشداری زیاتری هەبووە بۆ حکومەتی ئیسپانیا، بەڵام حکومەتی ئیسپانیا کەمتر دەگەڕێنێتەوە بۆ کەتەلۆنیا، ئەمە هەمیشە وابووە، لە دوای 2017 حکومەتی ئیسپانیا گوشاری زۆری کردە سەر کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکان و بانکە سەرەکییەکان لە کەتەلۆنیا و تەنیا بۆ ئەوەی داوایان لێبکات بیگوازنەوە، بچنە دەرەوەی کەتەلۆنیا، زۆربەی ئەم بانکانەش چوونە دەرەوەی کەتەلۆنیا، هەروەها هەندێک کۆمپانیاش، کۆمپانیای ئیسپانیا چوونە دەرەوەی کەتەلۆنیا و هێشتا لە دەرەوەی کەتەلۆنیان. ئێستا گوشارەکە، تا رادەیەک گۆڕاون، دەستیانکردووە بە گۆڕان، ئەمەش لە دوای هەڵبژاردنی گشتیی ئیسپانیاوە، شتێک هەیە کە دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کێشە سەرەکییەکە، کە مافی بڕیاردانە لە چارەنووس بەشێکە لە ئەجێنداکە، بۆ حکومەتی ئیسپانیا ئەوە بەشێک نییە لە ئەجێنداکە. 
 
رووداو: دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا لە مەدرید هەوڵدەدەن بەشێوەیەک وەکو خۆت گوتت، بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵکی کەتەلۆنیا و پارتە سیاسییەکان لە کەتەلۆنیا، پێتوایە لە خاڵێکدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکان باشتر بن و هەندێک مافی نیشتمانی بدرێتە خەڵکی کەتەلۆنیا لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە، تەنانەت ئەگەر مافی بڕیاردان لە چارەنووسیش نەبێت، بەڵام مافی دیکە کە خەڵک لە کەتەلۆنیا داوای دەکەن؟
 
ئولالیا ریگانت: بە گشتیی خەڵک لە کەتەلۆنیا تەنیا داوای ئەوە دەکەن کە لە گشتپرسییەکدا دەنگ بدەن، ئەوان دەتوانن هەندێک شتی دیکە بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ وەکو هەوڵێک بۆ ئەوەی ناکۆکی و کێشەکە بخەنە ژێر مێزەکە و بە خەڵک بڵێن باشە و هیچ کێشەیەک نییە، چونکە خەڵک خۆشحاڵە، بەڵام پرسە سەرەکییەکە لەسەر مێزەکە نییە و حکومەتی ئیسپانیا و پیدرۆ شانچێز دەڵێت، من ناچم باسی گشتپرسییەکی نوێ بکەم، باسی گشتپرسی ناکەم، ئەو رژدە لەسەر ئەمە، چونکە بۆ ئەوان ناتوانن خەیاڵ بکەن یان هەرگیز ئەوە قبووڵ بکەن کە خەڵکی کەتەلۆنیا مافی بڕیاردانی لە چارەنووسی خۆی هەیە، چونکە ئێستا خەڵکی کەتەلۆنیایە، ئینجا خەڵک باسک و ئینجا خەڵکی گالیسیان و بەوشێوەیە دەڕوات.
 
رووداو: وەکو دۆمینە دەڕوات!
 
ئولالیا ریگانت: بەڵێ وەکو دۆمینە، بۆ ئەوان ئەوە رێگەیەک نییە، بۆ ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە دەکرێت پرسە داراییەکان چارەسەر بکرێن کە چەندین ساڵە لەسەر مێزی گفتوگۆن، باشە دەتوانیت ئەمانە چارەسەر بکەیت و هەندێک شتی دیکەش بخەیتە سەر مێز، بەڵام ئەگەر تۆ باسی کێشە سەرەکییەکە ناکەیت، کێشە ریشەییەکە، ئەو کێشەیەی کە وایکردووە بزووتنەوەی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی زۆر لاواز وا بێت کە تۆ پێویستت بەوە بێت سەرکوتکردن بەکاربهێنیت، بەو شێوەیە کێشەکە چارەسەر ناکەیت، رەنگە بەشێوەیەک چەند ساڵێکی ئاشتیت هەبێت، بەڵام ئەوە ساختەیە و ئاشتییەکی راستەقینە نییە، چونکە ئەگەر تۆ کێشەکە چارەسەر نەکەیت، ئاشتییەکی راستەقینەت نابێت.
 
رووداو: ویستی سەرەکیی خەڵکی کەتەلۆنیا سەربەخۆییە یانی دەنگدان لە ریفراندۆمێک، ئایا یەکگرتوویی خەڵک چۆنە لەسەر ئەوە دوای ئەوەی چەند سزایەکی بەکۆمەڵ سەپێندران و  خەڵکی کەتەلۆنیا لە حکومەتی ئیسپانیا لە 2017 سەرکوتکرا و چەندین کارگە و کۆمپانیای گەورە لە هەرێمی کەتەلۆنیا دەرکران. ئایا ئەوە کاری لە خەڵک کرد؟ وایکرد هەندێک خەڵك بڵێن با واز لە ریفراندۆم بهێنین و بۆ خۆمان بە ئاشتیی بژیین، چونکە ئەوە باشترە لەوەی بکەوینە نێو قەیرانێکی گەورە؟
 
ئولالیا ریگانت: کاری لە حیزبە سیاسییەکان کردووە، من ناڵێم کاری لە خەڵک و بزووتنەوە و کۆمەڵگە و رێکخراوەکانی کەتەلۆنیا کردووە، کاری لە پارتە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان کردووە کە رووبەڕووی بەشێکی ئەو سەرکوتکردنە بوونەتەوە، چونکە سەرکوتکردنێکی زۆر بەرامبەر خەڵکی ئاسایی هەبوون کە رۆژێک بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە و ئێستاش رووبەڕووی سزای دوو ساڵ و سێ ساڵی زیندانیکردن دەبنەوە، دەتوانم بڵێم کە ئەوان ئێستا دابەشبوون و لەنێو خۆیان بەشەڕ دێن و زۆربەی خەڵکیش نازانن بۆچی؟ من نوێنەرایەتیی پارتێکی سیاسی دەکەم و بێگومان چەند جیاوازییەکم لەگەڵ سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان، کێشە ئابوورییەکان، حیزبە سیاسییەکانی دیکە هەیە. بۆیە بێگومان ئەگەر ئێمە بمانەوێت ریفراندۆمێکی دیکە بکەین یان ئەگەر بمانەوێت لەگەڵ حکومەتی ئیسپانیا رووبەڕوو دانیشین، بەڵام لەنێو خۆمان دابەشبین ئەوە بۆ ئەوان دەبێتە بردنەوە. ئەوە بۆ ئەوان زۆر ئاسان دەبێت ئەگەر حیزبە سیاسییەکان دابەشبن. بۆیە ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە ئاساییە ئەگەر لە سیاسەتی رۆژانە جیاوازییمان هەبێت، ئێمە دەتوانین دابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بکەین و هەر کەسێک بەرگریی لە پێگەکەی خۆی بکات. بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە حکومەت و دەوڵەتی ئیسپانیاوە هەیە، ئێمە دەبێت بەرەیەکی هاوبەشمان هەبێت، چونکە بەوجۆرە ئێمە هێزمان زیاتر دەبێت و دەتوانین گوشاری زیاتر لەسەر حکومەتی ئیسپانیا بکەین.
 
رووداو: ئەگەر پەرلەمان و هەموو حیزبە سیاسییەکان بڕیاریاندا کە دەبێت گشتپرسییەکی دیکە بکرێت، پێتوایە کە حکومەتی ئیسپانیا هەمان هێز بەکاربهێنێت؟ یان دۆخەکە جیاواز دەبێت؟ پێشبینییتان بۆ کاردانەوەکان چییە؟
 
ئولالیا ریگانت: من پێموایە کە هەمان هێز نییە، بەڵام دڵنیام لەوەی بەهۆی شتەکانی ئێستاوە، ئەوان گشتپرسییەکە قبووڵناکەن. من وای نابینم کە حکومەتی ئێستای ئیسپانیا هەمان هێز بەکاربهێنێت، لەوەی کە لە 2017 بەکاریهێنا. ئەوە نابێتە وێنەیەکی باش بۆ ئەوان، وەک ئەوەی لە 2017 روویدا، کە زۆربەی لایەنە ئەوروپییەکان لەگەڵ ریفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا نەبوون، بەڵام وێنەی پۆلیسیشیان بەدڵ نەبوو کە تووندوتیژییان بەرامبەر خەڵكی بەکاردەهێنا. ئەوان هەوڵدەدەن هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی رێگریی لە ریفراندۆمێکی نوێ بکەن. لەبەر ئەمەیە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت گوشار لەسەر حکومەتی ئیسپانیا بکەین، دەبێت بەبەکارهێنانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخەینە سەر ئەوان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک کەرەستەیەک بەکاربهێنین بۆ ئەوەی بە حکومەتی ئیسپانیا بڵێین کە دیموکراسییەتی زیاتر ئەوەیە، تۆ رێگە بدەی خەڵک دەنگبدات. تۆ ناتوانیت بەخۆت بڵێیت دیموکراسی و بە خەڵکیش بڵێی ناتوانن دەنگبدەن ئەوە شتێکە کە لە ئاستی بەهای دیموکراسییەتدا نییە.
 
رووداو: تۆ پێتوایە لە سەردەمی ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ‌هێزە گەورە و گرنگەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بە جدی گرنگی بە بەها دیموکراسییەکان دەدەن؟ یان ئەوە لەبارەی بەرژەوەندیی خۆیانە؟ 
 
ئولالیا ریگانت: بە تەواوی لەبارەی بەرژەوەندیی خۆیانە، من دەزانم ئەوە لە دیموکراسییەتدا نییە، دەزانم ئەوە بە تایبەتی لەبارەی خواستە. من ناڵێم ئەوە ئاسانە، من دەڵێم کە ئەوە پێویستە. ئێمە دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین و دەشزانین کە ئەوە شتێک نییە بەیانی رووبدات. دەشزانین کە ئێمە دەبێت کاری زۆر بکەین. ئەوە تەنیا لەبارەی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە نییە، بەڵکو لەبارەی خەڵکی ئەوروپایە. ئێمە باسی خەڵکێک دەکەین، خەڵکی کەتەلۆنیا کە دەیانەوێت دەنگبدەن. لە سەرانسەری جیهاندا خەڵکێکی زۆر هەن کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەتدا دەکەن. هەندێکجار ئێمە هەروەها پێویستیمان بە خەڵکی هەموو جیهانە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکومەتەکان. ئەوە شتێکە کە پەیوەندیی بە هاودەنگی، بە سەروەری، بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا هەیە. ئەمە ئەو شتەیە کە پێش ریفراندۆمەکەی 2017 گوتمان و ئێستاش دەیڵێینەوە، ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت ئێمە سەروەریی زیاترمان دەوێ و ئێمە دیموکراسییەتی زیاترمان دەوێت. ئێمە مافی زیاترمان دەوێت، ئەمەش باشترین رێگەی هەبوونی ئەو شتانەیە. ئێمە سەربەخۆییمان بە رێگەیەکی نێودەوڵەتی دەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی هەموو جیهاندا هاودەنگبین.
 
رووداو: تۆ باسی هاودەنگیی دەکەیت، من لەدوای 2017 لەگەڵ چەندین شاندی کەتەلۆنیا و پەرلەمانی کەتەلۆنیا و چەندین حیزبی سیاسیی و رێکخراوی ناحکومیی جیاواز کە سەردانی کوردستانیان کردووە، هەڤپەیڤینم کردووە. ئێستاش تۆ وا لێرەیت لە هەرێمی کوردستان. دەتوانی لەبارەی سەردانەکەی خۆتەوە بۆ ئێرە قسەم بۆ بکەیت؟ مەبەستی سەردانت بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
ئولالیا ریگانت: شاندێکی هەمەجۆری کەتەلۆنیاین ئێمە نوێنەری چەند رێکخراوێکی ناحکومیمان لەگەڵە، نوێنەری ئەنجوومەنی لاوانی کەتەلۆنیا، هەروەها نوێنەری قوتابخانەی تۆپی پێمان لەگەڵە، کە ئەو قوتابخانەیە هەر سەرنجی لەسەر پێشبڕکێکان نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیش هەیە. بێگومان یەکێک لە ئەندامانی ئەو شاندەش یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنایە. ئێمە سەردانی چەند کامپێکی پەنابەران و ئاوارەکانمان کردووە ئێمە هەروەها لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی کوردستان قسەمان کردووە. هەروەها ئێمە لە سلێمانی بووین لە رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان، ئێمە سەردانی هەڵەبجەمان کرد. ئەوەی ئێمە ویستمان ئەوەیە پەیوەندییەکانی کوردستان و کەتەلۆنیا بەهێزتربن. هەروەها بەشداریی کۆنفرانسێکمان کرد کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییە کوردییەکان و کەتەلۆنییەکانەوە رێکخرابوو ، لەبارەی وەرزش و لاوان و زانکۆ بوو. تەنیا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکان بوو. ئەوە بۆ ئێمە گرنگە زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی کردوومانن زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی زیاتر راستیی بزانین و سەرنجی زیاتر بخەینە سەر ئەو پڕۆژە نوێیانەی کە رێکخراوە ناحکومییەکان و زانکۆکان دەتوانن لێرە بیانکەن، ئەوە رێگەیەکە بۆ ئەوەی باشتر یەک بناسین و زیاتر سەرنج بخەینە سەر ئەو شتانەی کە پێویستن و ئەو شتانەی کە دەتوانین یارمەتیدەر بین تێیدا.