لافاوی لەناکاو چییە و چۆن دروستدەبێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لافاوی لەناکاو لافاوێکی لەپڕ و خێرایە کە لە ئەنجامی بارانبارینێکی بەخوڕ لە ماوەی نێوان سێ بۆ شەش کاژێردا دروستدەبێت و کاریگەریی لافاوەکەش زیاتر لەسەر ناوچە نزمەکان دەبێت، یان کاتێک بارانێکی بەخوڕ لە ناوچەیەکی شاخاویی بەفراوی دەبارێت و بەهۆیەوە بەفرەکە دەتوێتەوە و دەڕژێتە ناوچە نزمەکان و لافاو دروستدەکات؛ دەکرێت لافاوی لەناکاو بەهۆی تەقینی بەنداویشەوە دروست ببێت.
 
یەكێک لەو جۆرە لافاوانە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی رابردوو لە مالیزیا روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 48 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
لی جوون کی، زیانلێکەوتووی لافاو دەڵێت، "لافاو لە کوالالامپوور شتێکی ئاساییە، بەڵام بەم جۆرە نا. ئەمەیان زۆر گەورە بوو. دەتوانم بڵێم لە ساڵی 1971ـەوە ئەمە گەورەترین لافاوە دروستبوو بێت. ئێستا لەدوای 50 ساڵ ئەمە روویدا. بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە".
 
ساڵی 2021 پڕبوو لە لافاوی لەناکاو لە سەرتاسەری جیهاندا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەتان کەس. تەنیا لە ئەڵمانیا لانیکەم 150 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و سەروو 650 کەسیش بریندار بوون. ئەوەش بە خراپترین لافاو لە ماوەی 200 ساڵدا لە ئەڵمانیا دادەنرێت.
 
دوایین لافاو لە دوو رۆژی رابردوودا هەریەکە لە فەرەنسا، فیجی، ئەندەنووسیا و بەرازیلی گرتەوە، زیانمەندترینیان بەرازیل بووە، بە جۆرێک کە 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە 145 شار و شارۆچکەش باری نائاسایی راگەیێندراوە.
 
گێرسینۆ دۆس سانتۆس، دانیشتووی میناسی بەرازیل دەڵێت، "هەموو کەسێک دەترسێت. تەنیا لە ماوەی یەک کاژێردا ئاوەکە بەرز دەبێتەوە. زۆر خێرایە.. هیچ کات نییە بۆئەوەی هەموو شتێک ببەیتە دەرەوە".
 
ئەم جۆرە لافاوە زیاتر لەنێو شارەکان دروستدەبن بەو پێیەی بڕێکی زۆری زەویی شارەکان بە بینا و شەقام و کۆنکرێت داپۆشراوە و بواری هەڵمژینی ئاو لەلایەن زەوییەوە کەمە، بۆیە کاتێک بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا دەبارێت، ئاوێکی زۆر لەسەر شەقامەکان کۆدەبێتەوە و بەرەو شوێنە نزمەکانی شار، کە زۆربەی کات ماڵەکانن، دەڕوات.
 
بەگوێرەی ئاژانسی کەشوهەوای ئەمریکا، بەرزبوونەوەی ئاو بە 15 سەنتیمەتر لەسەر شەقامەکان بەسە بۆئەوەی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لەدەستبدەیت و ئاو بیبات.
 
زانایان روودانی لافاوی لەناکاو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گەورەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دادەنێن.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2021دا زیانەکانی رووداوە سرووشتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبوون بە 280 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.