دانیمارک.. هێرشکرایە سەر قاوەخانەیەک و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
رووداو - ئاژانسەکان
ئەمڕۆ شەممە ١٤ی شوبات ، لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک لە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن هونەرمەند و کاریکاتێریستی سوێدی لارس ڤیلکس، دوو کەس هێرشیانکردە سەر قاوەخانەکە و لە ئەنجامدا ٣ پۆلیس بریندار بوون و کەسێکیش کوژرا.
لارس ڤیلکس، هونەرمەند و کاریکاتێریستی سوێدی لە یەکێک لە قاوەخانەکانی کۆپنهاگن لە دانیمارک کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەوانی سازدا و لەم کۆبوونەوەیەدا باسی لە ئازادی رادەربڕین دەکرد، لەو کاتەدا دوو کەسی نەناسراو هێرش دەکەنە سەر قاوەخانەکە و زیاتر لە ٣٠ بۆ ٤٠ فیشەک دەتەقێنن، کە بەوهۆیەوە سێ ئەفسەری پۆلیس بریندار دەبن و پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵانیش کوژرا.
ڤیلیکس لە ساڵی ٢٠٠٧ کاریکاتێری پێغەمبەر محەممەدی کێشاوە . هەموو سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو کەسانە سەر بە گرووپە ئیسلامیە تووندڕەوەکان بوون و هێرشەکەیان بۆسەر ئەو کاریکاتێریستە کردووەو ویستوویانە ئەو کاریکاتێریستە بکوژن لەبەر ئەو کارەی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامیداوە.
لە کاتی ئەم کۆبوونەوە رۆژنامەوانییەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە دانیمارک و کاریکاتێریستەکە بەشدار بوون، بەڵام رزگاریان بوو.