ئالیسۆن هوکەر 'ستایش'ـی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئالیسۆن هووکەر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە، 14-02-2025 لە پەڕاوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمه‌ریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و گەشەپێدانی دامەزراوەکان کردەوە".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، هووکەر "ستایشی رۆڵی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ رێککه‌وتنی نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا کرد".
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.