سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ رووداو: وڵاتەکەمان و هەرێمی کوردستان دوو دۆستی یەکدین
رووداو دیجیتاڵ
دیک سخووف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، لە بوارەکانی سەربازی، ئابووری و کشتوکاڵی بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هەولێر. سەبارەت بە دۆخی سووریاش، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان دووپاتکردەوە.
رۆژی شەممە 14ی شوباتی 2026 لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دیک سخووف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، باسی لە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو، چونکە ئێمە دوو دۆستین."
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی وەک دۆستێکی نزیک، هاوکاریی زۆر پێشکێش بە هەرێمی کوردستان دەکات و گوتیشی، "ئێمە کۆنسووڵێکی زۆر باشمان لە هەولێر هەیە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمستەردام و هەولێر، دیک سخووف گوتی، "ئێمە بە چەندین شێوە پاڵپشتین؛ لە کەرتی کشتوکاڵ، لە رووی سەربازی و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە. ئێمە کاری زۆر پێکەوە دەکەین."
تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بۆ رووداو تایبەت بوو بە دۆخی سووریا و چارەنووسی کورد لەو وڵاتە. سخووف گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە دۆخی سووریا، ئێران و ئەمریکا کردووە.
دیک سخووف جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی سووریا کردەوە و رایگەیاند، "پێموایە ئەگەر هەموومان ئارام بین و دان بە خۆماندا بگرین و دڵنیابینەوە لەوەی سووریا بەرەو گەشەپێدانێکی دروست دەچێت، ئەوا دۆخەکە باش دەبێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا گوتی: "ئێمە پشتگیریی سەرۆک [ئەحمەد شەرع] دەکەین، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە کەمینەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر؛ چونکە ئەوە بۆ کوردستانیش زۆر گرنگ دەبێت."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا:
رووداو: جەنابی سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەکەتان چۆن بوو؟
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو، چونکە ئێمە دوو دۆستین. هۆڵەندا بێگومان هاوکاری زۆر پێشکێش دەکات. ئێمە کۆنسووڵێکی زۆر باشمان لە هەولێر هەیە، بۆیە سەردانێکی زۆر نایاب بوو.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: ئێمە بە چەندین شێوە پاڵپشتین؛ لە کەرتی کشتوکاڵ، لە رووی سەربازی و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە. ئێمە کاری زۆر پێکەوە ئەنجام دەدەین.
رووداو: چۆن دەتانەوێ کوردەکانی سووریا بپارێزن؟
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: بێگومان باسمان لە دۆخی سووریا و هەروەها دۆخی ئێران و ئەمریکا کرد. پێموایە ئەگەر هەموومان ئارام بین و دان بە خۆماندا بگرین و دڵنیابینەوە لەوەی سووریا بەرەو گەشەپێدانێکی دروست دەچێت، ئەوا دۆخەکە باش دەبێت. ئێمە پشتگیریی سەرۆک [ئەحمەد شەرع] دەکەین، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە کەمینەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر، چونکە ئەوە بۆ کوردستانیش زۆر گرنگ دەبێت.