وەتسئەپ بە تایبەتمەندییەکی نوێ دایک و باوکان لە ئەپڵیکەیشنەکە دەکاتە سەرپەرشتیار

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای وەتسئەپ تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەکارهێنەرانی راگەیاند، کە رێگە بە دایک و باوکان دەدات چاودێری و سەرپەرشتیی وردی هەژماری منداڵەکانیان بکەن و بزانن لەگەڵ کێ لە پەیوەندیدان.
 
تایبەتمەندییە نوێیەکە بە ناوی (هەژماری بەڕێوەبراو لەلایەن دایک و باوکان) (Parent-managed accounts) ناسراوە. لە رێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە، سەرپەرشتیاران دەتوانن بزانن منداڵەکانیان پەیوەندی بە کێوە دەکەن، دەچنە ناو کام گرووپ و چ گۆڕانکارییەک لە پرۆفایلەکانیان دا دەکەن.
 
هەرچەندە پێشتر بەکارهێنانی وەتسئەپ بۆ تەمەنی سەروو 13 ساڵان بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی داواکاری و بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە لەلایەن منداڵانەوە، وەتسئەپ بڕیاری دا کە ئەم تایبەتمەندییە زیاد بکات و رێگە بە منداڵانیش بدات، ببنە بەکارهێنەری ئاپەکە.
 
سەرپەرشتییەکە چۆن دەبێت؟
 
بەپێی زانیارییەکانی وەتسئەپ، دایک یان باوک (کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵ بێت) دەتوانن هەژمارێکی سەرپەرشتیکراو بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن. لێرەدا دایک و باوکان دەبنە بڕیاردەری سەرەکی لەوەی کێ دەتوانێت نامە بۆ منداڵەکانیان بنێرێت و کێ دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات.
 
هەروەها، دایک و باوکان دەتوانن پێداچوونەوە بۆ ئەو نامانە بکەن کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بۆ منداڵەکانیان دێت و بڕیار لەسەر قبووڵکردن یان رەتکردنەوەیان بدەن. بۆ پاراستنی زیاتریش، هەموو رێکخستنەکان و گۆڕانکارییەکان لە هەژماری منداڵەکەدا بە "کۆدی نهێنی" (PIN) دەپارێزرێت کە تەنیا لای دایک و باوکان دەبێت.
 
هەنگاونانی وەتسئەپ بۆ ئەم تایبەتمەندییە لە کاتێکدایە کە رەخنەیەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگیرێت سەبارەت بە پاراستنی منداڵان، وەتسئەپیش وەک یەکێک لە بەکارهێنراوترین ئاپی نامەگۆڕین لە جیهان دا، دەیەوێت لەڕێگەی ئەم چاودێرییەوە ژینگەیەکی ئارامتر بۆ تەمەنە جیاوازەکان بڕەخسێنێت.
 
بەپێی وەتسئەپ ئەو تایبەتمەندییە نوێیە لە چەند مانگی داهاتوو بەردەست دەبێت.