ماکرۆن سوپاسی سوودانی دەکات بۆ پاراستنی سەربازانی فەرەنسا لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی شەممە رایگەیاند، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە بۆ گرتنەبەری رێکارەکان بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی فەرەنسا، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی لە هەرێمی کوردستان بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی.
ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد."
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی دەکەم بۆ پابەندییەکەی بە ئاشکراکردنی راستییەکانی پشت ئەو هێرشە و بەهێزکردنی رێکارەکانی پاراستنی هێزەکانمان، کە لە عێراق ئامادەن بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراقییەکاندا دژی بەڵای تیرۆر بجەنگن."
دوێنێ هەینی محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا باسیان لەو هەوڵانە کردووە کە بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکان دەدرێن، کە دوای "دەستدرێژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەستیانپێکردووە.
محەممەد شیاع سوودانی گوتی کە عێراق لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە پەرەی سەندووە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، درێغی ناکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی خەمباری و هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری سەربازە کوژراوە فەرەنسییەکە و سەربازە بریندارەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەربڕی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکرێ و رێکاری پێویست دەگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
هەر دوێنێ سەرۆکی فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکە رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی."
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە "پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاوەکو چی دیکە بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە."