ئەڵمانیا پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە دەکات؛ 'پێویستە داخوازییەکانی کورد لە تورکیا بەدیبهێندرێن'
رووداو دیجیتاڵ
دوای 47 ساڵ، پارتی کرێکارانی کوردستان لە 12یەمین کۆنگرەی خۆیدا، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێنا. بڕیارەکەی پەکەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەڵمانیا پێشوازی گەرمی لێکرا.
پەرلەمانی ئەڵمانیا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دوای پێکهێنانی حکومەت کرد، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە یەكێک بوو لە پرسە گەرمەکانی کۆبوونەوەکە.
پێتەر بایەر، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان- پارتی کرستان دیموکراتەکان دەڵێت، "ئەو بابەتە بە وردی چاودێری کراوە، پێموایە پێشکەوتنی باش هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە کۆمەڵگا و سیاسەتی تورکیادا زیاتر ببیسترێت. ئەڵمانیا ئێستا حکومەتێکی نوێی هەیە. بەڕێز ڤۆدەڤۆل، کە سیاسەتمەدارێکی زۆر بە ئەزموونی سیاسەتی دەرەوەیە. باش ئاگاداری ئەو پرۆسەیە. من باوەڕم وایە رۆڵی ئەڵمانیا دەتوانێت کاریگەر بێت".
نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا لە ئەڵمانیا دەژین، کە یەک ملیۆنیان کوردن. بۆیە پارتەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا داوا دەکەن حکومەتی تورکیا بە جیدی پرسی کورد چارەسەر بکات.
فالکۆ درۆسمان، ئەندام پەرلەمانی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باس لەوە دەکات، "تورکیا هاوبەشێکی گرنگە لەنێو ناتۆدا. پێویستە داخوازییەکانی کورد لەنێو تورکیادا ببینرێن. کاتێک سەرۆکشارەوانییە کوردەکان یەک بە یەک و لە ناکاو دەستگیر دەکرێن، ئەوە بە ڕاستی کێشەیە. چاوەڕێ دەکەم کۆماری تورکیا بە شێوەیەکی هاوبەشانە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کار بکات".
دوای بڕیارەکەی پەکەکە، ئێستا چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان، بۆ ئەوەی هەندێک هەنگاو بنێت، لەوانەش هەنگاوی یاسایی لە پەرلەمان بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هەزاران کەس، کە بە تاوانی تیرۆر و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە سزادراون.
هەر هەنگاوێکی یاسایی لە تورکیا لە بارەی پەکەکەوە بنرێت، کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانەش دەبێت، کە پەکەکەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەوانەش ئەڵمانیا، کە لە ساڵی 1993ـەوە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.