یونیتاد: مەترسیی بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن داعشەوە ماوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) رایگەیاند، هێشتا مەترسیی پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن داعشەوە هەیە و دەڵێت، کاری تیمەکەی رۆڵی دەبێت لە رێکارە یاساییەکانی دژ بە تاوانەکانی پەرەپێدانی چەکی کیمایی لەلایەن ئەو رێکخراوەوە.
 
کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لەگەڵ نێردەی هەمیشەیی عێراق و هیندستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و چالاکییەکانیان بە ناونیشانی "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە؛ مەترسییەکی جیهانی" بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران و کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک لە نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرووەکان بەڕێوەبرد.
 
کۆبوونەوەکە رۆژی پێنجشەممە، 3-7-2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرۆک بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوی تیمەکە، سەرۆکی تیمەکە دەڵێت، "دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە ئەو زانیارییانەی تیمەکەمان کۆیکردوونەتەوە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین هێشتا مەترسیی پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن کاراکتەرێکی ناحکومیی وەکو داعشەوە لە ئارادایە."
 
رافاندرا، جێگری نوێنەری هەمیشەیی هیندستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: "لێپرسینەوە لە داعش بەتایبەت لە تاوانەکانی دژی کەمینەکان، بابەتێکی پێویستە لەپێناو تۆکمەکردنی ئاشتەوایی و ئاشتیی بەردەوام لە عێراق."
 
هەروەها سەرحەد فەتاح، هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێنەرایەتیی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکی و گرنگەکانی راپۆرتی دەیەمی یونیتاد تەواوبوونی قۆناخی سەرەتاییە لە راپۆرتی هەڵسەنگاندنی دۆسیەکە لەبارەی پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمایی و بایۆلۆژی لەلایەن داعشەوە لە عێراق کە پێویستە بابەتەکە فراوانبکرێت و یارمەتیدەربێت بۆ بەدواداچوونی یاساییانەی ئەندامانی رێکخراوەکە، کە ئەو چەکانەیان بەکارهێناوە و پەرەیان پێداوە."
 
دادوەر عەلی نعمان جەبار، دادوەر لە دادگەی تازەخورماتووی پارێزگای کەرکووک لە پەیامێکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا رووداوەکانی رۆژی 8ـی ئاداری 2016ـی گێڕاوەتەوە کاتێک چەکدارانی داعش بە نزیکەی 40 مووشەکی دروستکراوی خۆیان کە هەڵگری کیمیایی بووە، ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و بووە هۆی برینداربوون و کاریگەربوونی دەیان کەس بە گازی خەردەل.
 
ساڵی 2014، داعش هێرشیکردە سەر شاری موسڵ و دواتر چەند شارێکی دیکەی عێراقی گرت. دوای سێ ساڵ لە شەڕی خوێناوی کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین شار، لە ساڵی 2017 بە فەرمی نەمانی خەلافەتی داعش لە عێراق راگەیێندرا، بەڵام شانە نووستووەکانی بەردەوامن لە چالاکی.
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە ریچەر سەرکردایەتیی دەکات، لە ساڵی 2017 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی داعش پێکهێنرا.
 
یونیتاد لە ئایاری 2021 لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، داعش "چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لەسەر زینداییەکان تاقیکردوونەتەوە کە بووەتە هۆی مردنیان."