پۆلیس چۆنێتی و هۆکاری خۆكوشتنی ئەکتەرە کۆمیدییەکە ئاشكرادەكات

رووداو – هەولێر 

رۆژی دووشەممە تەرمی  رۆبن ویلیامز، ئەكتەری ناسراوی كۆمیدی لە ماڵەكەی خۆی لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا دۆزرایەوە، لێكۆڵەرەوەكانیش پێیانوایە ئەو تووشی خەمۆكییەكی زۆربووە، بەم هۆیەوەش خۆی كوشتووە.

ویلیامز لە سەرتاسەری جیهان وەكو ئەكتەرێكی كۆمیدی بەتوانا ناسرابوو و مردنە لەناكاوەكەشی خەڵكی تووشی شۆككرد.

ویلیامز لە ساڵی  1951 لەدایكبووە و لەماوەی كاركردنی لەبواری فیلمسازیدا، چەندین خەڵاتی جیاجیای لەو بوارە وەرگرتووە و 4 جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراوە و لە ساڵی 1997ـیش بەهۆی رۆڵگێڕانی لە فیلمی Good Will Hunting ئەو خەڵاتەی بەدەستهێنا. 

ئەو هەمیشە بە ئاشكرا باسی ئەوەی كردووە، كە  ئاڵوودەی كهول و ماددەی هۆشبەربووە و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنەكەشی، خەڵكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرێژەیەكی زۆر ئەو گرتە ڤیدیۆییە كۆمیدیانە شەیردەكەن، كە رۆڵی تێدا بینیوە و بووەتە مایەی پێكەنینیان.

لێكۆڵەرەوەكان دەڵێن ویلیامز-ی ئەفسانەی كۆمیدیا دوای ئەوەی تووشی خەمۆكییەكی زۆر بووە، بەهۆی قایشێكەوە لە دەرگای ژوورەكەی، خۆی هەڵواسیوە و دواتر لەلایەن یاریدەدەرەكەیەوە بە خنكاوی دۆزراوەتەوە.