بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 رێختەر باشووری رۆژئاوای هایتی هەژاند


رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.2 پلە بە پێوەری رێکختەر باشووری رۆژئاوای هایتی هەژاند و بووە هۆی رووخاندنی چەند باڵەخانەیەک. تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییەکان دیار نین.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-08-2021  کاژێر 9ی بەیانی بەکاتی هایتی، بوومەلەرزەیەک رۆژئاوای پۆرت ئۆ پرێنسی پایتەختی وڵاتەکەی هەژاند، هەمان بوومەلەرزە لە جایماکاش هەستی پێکراوە.
 
چەقی ئەو بوومەلەرزەیە 12 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری سایتنت لویس دوو سودودەوە دوورە، خەڵک لە پایتەختیشەوە لە ماڵ و باڵەخانەکان چوونەتە سەر شەقامەکان.
 
لە ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەکی بەهێز هایتی هەژاند و 220 هەزار تاوەکو 320 هەزار قوربانی لێکەوتەوە و زیانی 7.8 ملیار دۆلاریشی لێکەوتەوە.
 
تیمەکانی فریاگوزاری، بەرگریی شارستانی و سوپا بۆ دەرهێنانی قوربانیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان دەستبەکاربوون.