نەمسا لە چاوەڕوانی 60 هەزار کۆچبەردایە

رووداو- دوسەلدۆرف

وەزیری ناوخۆی نەمسا جۆهان میکل- لینتر"Johann Mikl-Leitner"، رایگەیاند کە ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلول لە بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 18 "6ی ئێوارە بەکاتی هەولێر" ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران خۆیان گەیاندووەتە وڵاتەكەی. 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی نەمسا، ئەمڕۆ لەسەر سنووری نەمسا و هەنگاریادا لە نزیک شارۆچکەی نیلکیلسدۆرف "Nickelsdorf" نزیکەی 9 هەزار کۆچبەر هەبوون. بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی تەلەفزیۆنی نەمساش "ORF"، نەمسا خۆی ئامادەدەکات بۆ پێشوازی لە کۆچبەران، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ 60 هەزار کۆچبەر خۆیان بگەیێننە سەر خاکی ئەو وڵاتە.

هۆکاری ئەو شەپۆلەی ئەمڕۆی کۆچبەران بەرەو نەمسا، داخستنی کەمپی پەنابەرانە لە شاری "Röszke"ی هەنگاریا و پۆلیسەکانی هەنگاریا بە ئۆتۆبووس کۆچبەران دەگەیێننە سەر سنووری نەمسا.

هەروەها بەرپرسانی هەنگاریش لەم نێوەندەدا دەڵێن كە بەتەواوی سنووری خۆیان لەگەڵ وڵاتی سربیا تەلەبەند كردووە و ژمارەیەكی زۆری پۆلیسیش سنوورەكان دەپارێزن.