لە زانکۆی مۆسکۆ زمانی کوردی دەخوێندرێت

 

رووداو - مۆسکۆ

لە ساڵی 2016ـەوە لە زانکۆی مۆسکۆ زمانی کوردی لەگەڵ 40 زمانی دیکەی جیهانی دەخوێندرێت، سێ لە خوێندکارەکانیش بەکالۆریۆسیان تەواوکردووە و دەیانەوێت ماستەر لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بخوێنن. 
 
زمانی کوردی بە دەستپێشخەری ڤەدیم ماکرێنکۆ کە مامۆستای زانکۆی مۆسکۆیە و کوردناسە دەستیپێکردووە. ئەوانەی لەو زانکۆیە بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی تەواودەکەن دەیانەوێت ماستەر و دکتۆراش بخوێنن.
 
ئێستا سێ لە خوێندکارەکانی زانکۆی مۆسکۆ دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان، بە نیازن لەکۆلێژی زمان بەشی ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین  ماستەر بخوێنن. 
 
خوێندکارەکان دوو کچ و کوڕێکن، دەڵێن، زۆر حەز دەکەن لە کوردستان و هەولێر بخوێنن تاوەکو زیاتر برەو بە زمانەکەیان بدەن.