گەردوونناسان ئاماژەیەک لەسەر هەسارەی ڤینۆس دەدۆزنەوە کە رەنگە ژیان بێت


رووداو دیجیتاڵ

لەنێو ئەو بەرگەهەوا ژەهراوییەی هەسارەی ڤینۆس، گەردوونناسان لە زەوییەوە چەند ئاماژەیەکیان دۆزیوەتەوە کە دەریدەخات لەوانەیە ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە هەبێت. 
 
ئەگەر ئەو دۆزینەوەیەی گەردوونناسان لەلایەن تێلیسکۆپە پێشکەوتووەکان و هەوڵەکانی گەڕان لە بۆشایی ئاسمان بسەلمێندرێت، ئەوا بایەخی زانا و توێژەران بۆسەر هەسارەی ڤینۆس زیاددەکات کە رووناکترین ئەستێرەی ئاسمانە لە شەودا و بەناوی خواوەندی جوانیی رۆمانییەکانەوە ناونراوە. 
 
هەسارەی ڤینۆس لە زمانی کوردی پێی دەڵێن، زوهرە و لە کۆمەڵەی خۆر دووەم هەسارەیە. 
 
لە ساڵانی رابردوو گەردوونناسان و زانایان چاویان لە دۆزینەوەی ژیان بووە لەسەر هەسارەی مەریخ و چەندین هەوڵیان لەو بارەیەوە داوە. ئەو گەردوونناسانەی کە ئەمڕۆ دووشەممە لە چەند پەڕەیەکدا رایانگەیاند، ئاماژەکەیان لەسەر ئەو هەسارەیە دۆزیوەتەوە، هیچ شێوەیەکی ژیان یان وێنەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام دەڵێن، بە تێلسکۆپی زۆر بەهێز گازی کیمیایی فۆسفاینیان دۆزیوەتەوە. 
 
ئەو گەردوونناس و زانایانە ئاماژە بەوە دەکەن، شیکردنەوەکانیان بۆ ئەو گازە تەنیا ئەو بۆچوونە هەڵدەگرێت کە ئێستا شتێکی زیندوو لە بەرگەهەوای ڤینۆسدا هەیە. 
 
چەند لێکۆڵەرێکیش گومانیان لە گریمانەی ئەو گەردوونناسانە هەیە، پێشبینی دەکەن ئەو گازە بەهۆی رووداوێکەوە یان پرۆسەیەکی جیۆلۆجییەوە لە بەرگەهەوای ئەو هەسارەیە دروستبووبێت کە بەشێوەیەکی نادیار ماوەتەوە. 
 
ئەو دۆزینەوەیە وای لە بەشێک لەو زانایانەی کە شارەزای هەسارەکانن کردووە پرسیار لەسەر ئەوە دروستبکەن کە دەکرێت مرۆڤ ئەو هەسارەیەی لە کۆمەڵەی خۆر پشتگوێخستبێت؟ دەشڵێن، لەوانەیە رۆژێک خاسیەتەکانی زۆر لەوانەی زەوی نزیک بووبێت.
 
سارا سیگەر، زانای هەسارەناسییە لە ئنیستیتیوتی ماسەچوسێتس بۆ تەکنەلۆژیا و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دۆزینەوەیە دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش و لەناکاوە، دەشڵێت، "ئەوە هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ئەگەری بوونی ژیان لەسەر ڤینۆس زیاد دەکات". 
 
سارا ستیوارت، هەسارەناسێکی دیکەیە و دەڵێت، ڤینۆس لەلایەن ناساوە بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێخراوە، ئەوەش "شەرمە"، دۆزینەوەی ئەو گازی فۆسفاین شیکردنەوە و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. 
 
ڤینۆس کە دووەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە، بەرگە هەوایەکەی بە گازی دووانۆکسیدی کاربۆن دەورە دراوە و پلەی گەرمیی رووەکەی بە تێکڕایی زیاترە لە 426.667 پلەی سیلیزی.
 
چڕیی بەرگەهەوای ڤینۆس بەرگەی پەستانی زیاتر لە 589.6701 کیلۆ بۆ هەر 2.54 سانتیمەتر دووجایەک دەگرێت. ئەوەیش 90 جار زیاترە لە 6.6 کیلۆ بۆ هەر 2.54 سانتیمەتر دووجایەک لە ئاستی رووی دەریا لەسەر زەوی.
 
بەهۆی ئەو بەرگە هەوایەی، کارێکی زۆر قورسە بۆ ئەوەی لێکۆڵەران کاری لەسەر بکەن، بەڵام مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ هەوڵی نەداوە. پرۆگرامەکانی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان، بەتایبەتی ئەوانەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، دەیانجار هەوڵیان داوە لە رێگەی رۆبۆتەوە بچنە سەر ڤینۆس، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو هەسارەیە ئاسنەکان دەتوێنێتەوە، لە چەند خولەکێکدا کەشتییە ئاسمانییەکان و رۆبۆتەکانی تواندووەتەوە. لەنێو هەموو ئەو هەوڵانەش، تەنیا دووانیان توانیویانە وێنەی رووی هەسارەکە بگرن.