مەسرور بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆسدا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو سویسرا بەڕێکەوتووە، لەگەڵ دیداری بەرپرسان و سەرکردەی وڵاتان، بڕیارە لە پانێڵێکیش بەشدار بێت کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکانی چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان تاوتوێ دەکات. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئەوانە لە "چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی كوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن؛ "هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە." 
 
کۆڕبەندەکە ئەم ساڵ لە ژێر ناونیشانی 'بنیاتنانەوەی متمانە' دەبەسترێت و چەندین تەوەری تایبەت بە وزە و سیستمی بانکی و ژیریی دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسیی هەنووکەیی، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.