پێدانی ڤیزای کاتی دەبێتە تروسکەیەکی هیوا بۆ کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزە لە ئەڵمانیا
رووداو دیجیتاڵ
داواکاریی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پێدانی ڤیزا بەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون، بووەتە ترووسکەیەکی هیوا لە دڵی ژنێکی کورد، کە زۆربەی خزم و کەسوکاری لە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان تیاچوون و دەیەوێت بەهەر رێگەیەک بێت، یارمەتیی ئەوانەی دیکە بدات کە لە ژیاندا ماون و رزگاریان بووە.
شەهریڤان ئەرسەلان، خەڵکی دیلۆکە لە باکووری کوردستان. دوور لە خزم و کەسوکاری تەنیا گریانی بۆ ماوەتەوە، فرمێسک لە چاوەکانی وشک نابێتەوە کاتێک قسە بۆ رووداو دەکات لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە ئەڵمانیا و، باسی کەسوکارەکەی دەکات کە لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوبات، گیانیان لەدەستدا.
شەهریڤان دەڵێ "خاڵ و پوورەکانم، نەوەکانیان، کچ و بووک و منداڵەکانیان هەموویان چوون (گیانیان لەدەستدا). لە هەر ماڵێک 6 بۆ 7 کەس گیانیان لەدەستدا، نازانم چی بڵێم! هەندێکیان هێشتا لەژێر داروپەردوودان".
ئەو ژنە کوردە ماوەی 30 ساڵە نیشتەجێی ئەڵمانیایە و خاوەنی پێنج منداڵە. ئەو و منداڵەکانی دەیانەوێت ئەو خزم و کەسوکارەیان کە لە ژیاندا ماون، بهێننە ئەڵمانیا.
زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا و هاونیشتمانیی باکووری کوردستان لە ئەڵمانیا دەژین. ئەوان، نیگەرانن لە دۆخی خراپی خزم و کەسوکاریان لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە تێیدا روویداوە و، داوادەکەن ئەوانەی لە ژیاندا ماون، بتوانن بۆ ماوەی سێ مانگ بێنە لای کەسوکاریان بۆ ئەڵمانیا، تاوەکو لە نەهامەتی و سەرمای زستان رزگاریان ببێت.
گوینویل ئێلینجە، پەرلەمانتاری پارتی سەوزە لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردراینڤێستڤالنی ئەڵمانیا، سەر بە هەمان پارتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیایە. لەبارەی بڕیارەکەوە گوینویل دەڵێ ''ئاسانکاری دەکات بۆ پێدانی ڤیزا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە تاوەکو بتوانن بێنە لای کەسوکاریان لە ئەڵمانیا. هەموو بەربەستە رۆتینییەکان نامێنن. ئێستا تەنیا ئەوە ماوە هەندێک پرسیار یەکلابکەینەوە، بۆ نموونە کەسوکار کێ دەگرێتەوە؟ هەروەها ئەو کەسانەی داوای ڤیزا دەکەن بۆ کەسوکاریان دەبێت بەڵگەی کار و مووچەیان بخەنەڕوو، شوێنی مانەوەش گرنگە".
پەرلەمانتارەکە هەروەها دەڵێ "هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات، بۆیە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین و چارەسەری دەکەین. هەروەها ئەو کەسانەی پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نەماوە، ئەوەش چارەسەر دەکەین. ئێستا وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە کۆبوونەوەدان بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی ئاسان بۆ ئەوەی بتوانن بەناسنامەکانیانەوە گەشت بکەن''.
بڕیارە بەمزووانە لە هەموو شارەوانییەکانی شارەکانی ئەڵمانیا چەند رۆژێک دەستنیشانبکرێت بۆ ئەوەی زانیاری بدرێت لەسەر داواکردنی ڤیزا بۆ کەسوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە. پێشبینی دەکرێت حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاربدات ئەو کەسانەی لەڕووی داراییەوە ناتوانن بژێویی کەسوکاریان دابینبکەن، هاوکاری داراییان پێشکێشبکات.