سنۆودن لە بڵاوكردنەوەی زانیارییەكانی هەواڵگری ئەمریكا پەشیمان نییە
رووداو- SBS
ئیدوارد سنۆودن، ئەندامی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا، رایگەیاند، کە پەشیمان نییە لە بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانەی تایبەتبوون بە چاودێری بەرفراوانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لەسەر هێڵەكانی پەیوەندیكردن.
سنۆودن، كە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریكاوە داواكراوە، لە رێگای گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئاماژەبەوەدەدات، كە بێجگە لەم زانیارییانە، چەندین زانیاری دیكەی لەلایە لەبواری دیكەی جیاواز. ئەو هەروەها رایگەیاندووە، "بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لە خزمەتی جیهان بووە".
لەبارەی مەبەستی لە بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان، سنۆودن دەڵێت، "تەنها بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵك بووە لەو كارەی هەواڵگری و دواتر لەراستی و هەڵەی ئەم كارەی هەواڵگری، خەڵكی ئەمریكا بڕیاری لێ بدات".
ئەو رەتیدەکاتەوە، کە ویستبێتی بەم کارەی حكوومەتی ئەمریكا برووخێنێت، چونكە "هەرگیز بەیەك كەس حكومەتی ئەمریكا ناروخێ، تەنها مەبەست ئاگادارکردنەوەی خەڵک بووە لە کارەکانی هەواڵگری.
دوای ئەوەی سنۆودن لە ئەمریكا رایكرد، دوا وێستەگەی دەركەوتنی رووسیا بوو، پاش ئەو دەركەوتنەش ، سنۆودن شوێنی حەوانەوەی دیار نەماوە.
هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، سنۆودن دەڵێت: هەڵەی هەواڵگری ئەمریكام لەو كاتەدا بۆ دەركەوت، کە هەواڵگری ئەمریكا لە جیاتی چاودێریكردن و هەواڵگریكردن لەسەر پەیوەندی كەسە گومانلێكراوەكان بە كاری تیرۆرییەوە ، هەواڵگرییان لەسەر هەموو كەسێك دەكرد، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی یاساكانی تایبەت بە ئازادییەكانی مرۆڤەوە.