60 کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا خنکان

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای فریاگوزاریی ئەوروپا رایدەگەیێنێت، کە 60 کۆچبەر بەهۆی تێکچوونی بەلەمەکەیان و مانەوە لەنێو دەریادا لە کەناراوەکانی لیبیا گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کۆچبەرەکان ویستوویانە لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن. 
 
رۆژی هەینی، 15ـی ئاداری 2024، دەزگای فریاگوزاری SOS کە کاری رزگارکردنی کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و 25 کۆچبەرییان رزگار کردووە کە تەندروستییان زۆر خراپ بووە. 
 
دەزگاکە لەسەر زاری رزگاربووانی نێو بەلەمەکە ئاماژە بەوە دەکات، بزوێنەری بەلەمەکە لەکارکەوتووە و کۆچبەرەکان ماوەی هەفتەیەک بەبێ ئاو و خۆراک لەنێو دەریادا ماونەتەوە و بەوهۆیەوە 60 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
 
دەزگاکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەشێکی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن، هەروەها دەشڵێت، دوو کۆچبەری نێو بەلەمەکە بە هێلیکۆپتەر بەهۆی چوونە دۆخی کۆماوە، رەوانەی هەرێمی سیسیلی لە ئیتاڵیا کراون.
 
کۆچبەرەکان، بەگوتەی دەزگاکە، "لە هەشتی ئەم مانگەوە لە کەناراوەکانی شاری زاوییە لە باکووری رۆژئاوای لیبیا بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون".
 
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک ناسنامەی کۆچبەرەکانی ئاشکرا نەکردووە و نازاندرێت خەڵکی چ وڵاتێکن. 
 
ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر وەکو ترانزێت بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەکاریدەهێنن، بەشێک لە کۆچبەرانیش لەو وڵاتە داوای مافی مانەوە دەکەن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ساڵی 2023 زیاتر لە 155,000 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە و بەوەش بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەی کۆچبەران نزیکەی 50٪ زیایکردووە، چونکە لەو ساڵەدا ژمارەی کۆچبەران 105,000 کەس بووە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەشی حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردوونەتەوە، ساڵانە زیاتر لە 3,000 کۆچبەرییان بەهۆی رەتکردنەوەی داواکاری بۆ مانەوە رەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.