چین و ئەمریکا 'بۆردێکی بازرگانی' دروست دەکەن؛ شەڕی ئابووری زیانی ملیارەها دۆلاری داوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر دروستکردنی بۆردێکی بازرگانیی هاوبەش رێککەوتن، ئەمەش بە ئامانجی رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکان کە لە ساڵانی رابردوودا زیانی گەورەی ئابوورییان لە هەردوو وڵات داوە.
 
بەپێی ئامارەکان، شەڕی بازرگانی کاریگەرییەکی تووندی لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان پەکین و واشنتن هەبووە. لە ساڵی 2025دا، هەناردەی چین بۆ ئەمریکا بە بڕی 130 ملیار دۆلار دابەزیوە. لە بەرامبەردا، هەناردەی ئەمریکا بۆ چین بە رێژەی 25٪ کەمی کردووە و بۆ تەنیا 106 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 
بەرزبوونەوەی پێناسە گومرگییەکان
 
تاوەکو ساڵی 2018، پێناسی گومرگی سەر کاڵای چینی لە ئەمریکا تەنیا 3.1٪ بوو، بەڵام ئەم رێژەیە لە ساڵی 2024 بۆ 10.9٪ بەرزبووەوە و لە ساڵی 2025دا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 31.6٪. تەنانەت بۆ هەندێک کاڵای وەک ئەلەمینیۆم و ئاسن، پێناسی گومرگی گەیشتووەتە نزیکەی 70٪.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە زیانی گەورەی لە کۆمپانیا چینییەکان داوە؛ وەک کۆمپانیای (شۆدا) کە پێڵاو بۆ براندە ئەمریکییەکان بەرهەمدێنێت و بەهۆی ئەم بڕیارانەوە فرۆشی بە ڕێژەی 40٪ کەمی کردووە.
 
سەردانەکەی ترەمپ و ئاسۆکانی چارەسەر
 
هارلی سیدین، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا لە باشووری چین، ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین دەبێتە هۆی فراوانبوونی هاوکارییەکان. سیدین دەڵێت: "پێموایە سەردانەکە دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان، کە بابەتێکی زۆر گرینگ و جەوهەرییە."
 
سەردانی ترەمپ بۆ چین لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووری هەردوو وڵات. لای خۆشییەوە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات زیاترە لە جیاوازییەکانیان."
 
شی جینپینگ دەڵێت: "کاتێک هاوکاری دەکەین هەردوولا سوودمەند دەبین، کاتێکیش ڕووبەڕووی یەک دەبینەوە هەردوولا زیان دەکەین. پێویستە چین و ئەمریکا لەبری ئەوەی ڕکابەر بن، ببنە هاوبەشی یەکدی و ڕێگەیەکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی وەک دوو زلهێز پێکەوە هەڵبکەن."
 
کەرتی کشتوکاڵ؛ گەورەترین زیانمەند
 
تەنیا چین پێویستی بە بازاڕی ئەمریکا نییە، بەڵکو جووتیارانی ئەمریکاش چاویان لە گەڕانەوەیە بۆ بازاڕەکانی چین. شەڕی بازرگانی ساڵانە زیانی 90 ملیار دۆلاری لە جووتیارانی ئەمریکا داوە.
 
جیم سەتەر، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی هەناردەکردنی سۆیا لە ئەمریکا، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بە "دەست و دەستەوانە" دەچوێنێت و دەڵێت: "ئەم پەیوەندییە تەواوکەری یەکدییە؛ چین پێویستی بە هاوردەکردنە و ئەمریکاش پێویستی بە فرۆشتنی بەرهەمە زیادەکانیەتی، بۆیە ئەمە پەیوەندییەکی زۆر پێویست و باشە."