وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق فراوانتر بکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و جەخت لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پەکین و بەغدا دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین بە مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە پەکینی راگەیاند: "چین پیرۆزبایی لە بەڕێز ئەلزەیدی دەکات بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق. چین هەمیشە گرنگییەکی زۆری بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق داوە."
بەپێی لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین، پەکین چاوی لەوەیە لە قۆناخی داهاتوودا کار لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بکات، لەوانە: "قووڵکردنەوەی دۆستایەتییە مێژووییەکان، پتەوکردنی متمانەی سیاسی و فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و ژێرخان."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق کار بکەن بۆ "بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان و پەرەپێدانی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان چین و عێراق."