بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک تونس ژێرئاوکەوت و 5 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە، دوای دەرچوونی لە بەندەری شاری سەفاقسی تونس، پێنج کۆچبەر خنکان و حەوتی دیکەش بێسەروشوێنبوون؛ ئێستا سەفاقس بووەتە لانکەی بەڕێکەوتنی کۆچبەرانی باکووری ئەفریقا بەرەو ئەوروپا.
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، فەوزی مەسموودی، گوتەبێژی دادگەی باڵای تونس رایگەیاند، 35 هاووڵاتی کە زۆربەیان تونسین و ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، لە بەندەری سیدی مەنسوور لە نزیک سەفاقس بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون؛ هەر کەمتر لە کاژێرێک لە بەڕێکەوتنیان بەلەمەکەیان نوقمبووە.
فەوزی مەسموودی ئەوەشی راگەیاند، لەوانەدا کە خنکاون لانیکەم منداڵێک و دوو ژن هەیە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە رزگارکراون 23 کەسە.
دوایین رووداوی خنکانی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاستدا، هەفتەی رابردوو بوو کە بەهۆیەوە 11 کەس خنکان.
بەشێکی هۆکاری زۆربوونی ژمارەی کۆچبەر لە سەفاقسەوە بەرەو ئەوروپا، ئەوەیە کە ئەو شارە 130 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیاوە دوورە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، تەنیا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1800 کەس لە رێڕەوی ئاویی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا مردوون؛ ئەوەش زۆرترین ژمارەی مردنی کۆچبەرانە لە جیهان و دوو هێندەی تەواوی ئەوانەیە کە تەواوی پار لەو رێگەیەدا مردوون.
پاسەوانی کەناراوەکانی تونس دەڵێت، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو 20ی حوزەیرانی ئەمساڵ، رێگەیان لە 34 هەزار و 290 پەڕینەوەی نایاسایی گرتووە بەرەو ئەوروپا، ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەمان ماوەی پاردا تەنیا 9 هەزار و 217 کەس رێگەیان لێگیرابوو.
وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا دەڵێت، تەنیا لەمساڵدا 97 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی وڵاتەکە، ئەو ژمارەیەش دوو هێندەی ژمارەی گەیشتنی کۆچبەرانی هەمان ماوەی 2022ـە.
تەممووزی ئەمساڵ یەکێتی ئەوروپا بۆ رێگەگرتن لە بەڕێکەوتنی کۆچبەران لە تونسەوە، رێکەوتنێکی لەگەڵ تونسدا بە بڕی 115 ملیۆن دۆلار واژۆکرد.