لە بەلجیکا هەوڵێک هەیە بۆ پێدانی مافی مانەوە بەو کۆچبەرانەی هیچ مافێکیان نەدراوەتێ
رووداو دیجیتاڵ
لە بەلجیکا هەوڵ هەن بۆئەوەی ئەو کۆچبەرانەی هیچ مافێکیان نەدراوەتێ، مافی مانەوە وەربگرن. هەرێمی واڵۆنیای بەلجیکا کێشەی نەبوونی کرێکاری هەیە و دەیەوێت بەو کۆچبەرانە پڕی بکاتەوە.
هەرێمی واڵۆنیای بەلجیکا لە هەوڵدایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی وڵاتەکەی بۆئەوەی کۆچبەرە بێ بەڵگەنامەکان و ئەوانەی بەبێ مافی مانەوە لەو هەرێمە دەژین، وەربگرێت. ئەوەش بەهۆی کەمیی کرێکار لەکاتێکدا هەلی کار تێیدا زۆرە.
فەرمانگەی کار و راهێنانی هەرێمی واڵۆنیا لیستی 92 پیشەی بڵاوکردووەتەوە کە لەو هەرێمەدا کرێکاری زۆرتریان پێویستە. بەتایبەتیش لە بواری بیناسازی و کارەباچێتی و گەشتیاریدا هەرێمەکە کێشەی گەورەی هەیە.
هەرێمەکە پێشنیازی ئەوەی کردووە کە جگە لە کۆچبەرە بێ بەڵگەنامەکان، ئەوانەش وەربگیرێن کە داوای مافی پەنابەری دەکرێن و لەکاتی پێشکێشکردنی داواکارییەکەیان دەردەکەوێت کە یەکێک لەو 92 پیشەیە دەزانن.