شارۆچكەیەكی ئیتاڵیا دەرگای بەڕووی كۆچبەراندا دەكاتەوە
رووداو - رۆما
كوچە و كۆڵانەكانی شارۆچكەكە رەنگ كراون، چەندین دروشم بۆ پێشوازی لە كۆچبەران لەسەر دیوارەكانی نووسراون، شارۆچكەیەك بە پێچەوانەی "رەوتی دژە كۆچبەر" بڕیار دەدات. خەڵكی شارۆچكەی ریاچێی ئیتاڵیا بڕیاریان داوە هێندەی لە توانایاندا بێ، هاوكاری كۆچبەران بكەن و گوێ بە هەڕەشەكانی دژە كۆچبەران نەدەن.
دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی راسیست و پۆپۆلیستەكان لە ئیتاڵیا، پرسی كۆچبەران گەرمترین باسی نێو كۆمەڵگای ئیتاڵی و شەقامی ئەم وڵاتەیە. ئەو پرسە ئیتاڵییەكانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە، بەشێكیان پشتیوانی لە كۆچبەران دەكەن و رەخنە لە حكومەت دەگرن. بەشێكیشیان پاڵپشتی سیاسەتی حكومەت دەكەن و پێیانوایە كارێكی باش دەكات كە رێ لە هاتنی كۆچبەران بۆ وڵاتەكەیان دەگرێ و لەگەڵ ئەوەشن كە حكومەت مەرجی پێدانی مافی پەنابەری بە كۆچبەران قورستر بكات.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، شارەوانیی شاری ریاچێ لە هەرێمی كالابریای ئیتاڵیا بانگەوازێكی ئاراستەی تەواوی ئیتاڵییەكان كرد كە هاوكاریی كۆچبەران بكەن، چونكە ئێستا لە هەموو كات زیاتر كۆچبەران پێویستیان بە هاوكارییە.
شارەوانیی ریاچێ هەر بەوەندە نەوەستا، بەڵكو كۆبوونەوەیەكی جەماوەریشی بۆ دانیشتووانەكەی رێكخست كە ژمارەیەكی زۆر ئیتاڵی لە ناوچەكانی دیكەش بۆی هاتبوون، لەوێ ئامادەیی خۆیان پێشان دا كە هاوكاریی كۆچبەران بكەن. ئەوان رایانگەیاند كە راسیست و دژە كۆچبەرەكان ناتوانن رێگر بن لە كارە ئینسانییەكانیان.
لەم شارۆچكە بچووكە كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 50 هەزار كەسە، تەواوی گەڕەك و شەقامەكانی بە دروشمی هاوكاریی پەنابەران و دژایەتی راسیستەكان رەنگ كراوە. كۆچبەرەكانیش ئەوێ بە ماڵی خۆیان دەزانن و شارەوانیی پشتیوانی و هاوكاریان دەكات.
شارۆچكەی ریاچێ كەوتووەتە سنووری هەرێمی كالابریای ئیتاڵیا و پەنجا كیلۆمەتر لە باشووری شاری كاتانزارۆ هەڵكەوتووە. ئەم هەرێمە بەپێچەوانەی هەرێمەكانی دیكەی ئیتاڵیا هاوكاری زیاتری كۆچبەران دەكەن، تاوەكو ئێستا دەرگایان بۆ زیاتر لە 15 هەزار كۆچبەر كردووەتەوە كە زۆربەیان خەڵكی سووریا و وڵاتانی ئەفریكایین.
دۆمێنیكۆ لوكانۆ، سەرۆكی شارەوانیی ریاچێ لە كاتی گردبوونەوە جەماوەرییەكە رایگەیاند: "ئەركی ئێمەیە هاوكاری كۆچبەران بكەین، ئەگەر ئێمە هاوكاری كۆچبەران نەكەین كە روو لە وڵاتەكەمان دەكەن، ئەی كێ هاوكارییان بكات، ئیتاڵییەكان خۆیان بەشێكی زۆریان كۆچبەرن، كەوایە با ئێمەش هەست بە ئازارەكانی ئەوان بكەین".
ئێستا حكومەتی ئیتاڵیا سەرقاڵی نەخشەڕێگەیەكە بۆ چارەسەری پرسی كۆچبەران كە زۆر لە بەرژەوەندیی كۆچبەراندا نییە. نەخشەڕێگەكەی رۆما، سنووردانانە بۆ هاتنی لێشاوی كۆچبەران بۆ ئیتاڵیا، ئەویش لە رێگەی كەمكردنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر پێشكەشی كۆچبەرانی دەكرد، هەروەها قورسكردنی مەرجەكانی پێدانی مافی پەنابەری و توندكردنی سنوورەكانی بە تایبەتی بەڕووی كۆچبەرانی ئەفریقادا.
ماتیۆ ساڵڤینی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێ بەتەواوی هاوكاری كۆچبەران نەكەین، بەڵام دەمانەوێ میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی چیدی ئیتاڵیا وەكو پێشوو مافی پەنابەری بە هەموو كۆچبەرێك نەدات".
ساڵڤینی گوتیشی: "هەنگاوی باشمان ناوە، بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكانمان كۆنتڕۆڵ كردووە، نامانەوێ ئیتاڵیا ببێتە سەنتەری كۆبوونەوەی كۆچبەران، دەمانەوێ ئەوروپا بەگشتی هاوكاری كۆچبەران بكەن".
ئامارەكان ئاشكرای دەكەن كە هاتنی كۆچبەران بۆ ئیتاڵیا بەردەوامە. ئاژانسی "ئەكی" ئیتاڵی بڵاوی كردووەتەوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەت بۆ رێگری لە هاتنی كۆچبەری نایاسایی، بەڵام ئەمساڵ 16 هەزار و 100 كۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا كردووە.
هەنگاو بەهەنگاو حكومەتەكەی ماتیۆ سالڤینی سەرقاڵی كەمكردنەوەی هاوكاری و كۆمەكی پەناخوازانە. لە ساڵانی رابردوودا بەپێی پلانی پرۆژەی سپرار پێشوەخت كۆچبەران وەردەگیران و حكومەت هاوكاری دەكردن، بەڵام ئێستا ئەم كۆمەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە پێویستە كۆچبەر دوای قبووڵكردنی لەلایەن كۆمیسیۆنی كاروباری كۆچبەران، ئینجا حكومەت بیگرێتە خۆی، ئەویش بۆ ماوەیەك كەمتر نەبێت لە شەش مانگ و زیاتر نەبێت لە ساڵێك و لەلایەن پرۆژەی سپرار هاوكاری دارایی و شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابین بكرێت.
حكومەت پێدانی مافی مانەوەشی زۆر قورس كردووە، بە جۆرێك دەبێ كۆچبەران بەڵگەی سەلمێنراویان هەبێت كە ناوچەكانیان نائارامە، یان لە وڵاتی خۆیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، هەڵبەت تائێستاش فەرمانگەی كاروباری كۆچی ئیتاڵی بۆ هاووڵاتیانی سووری و ناوچە نائارامەكانی عێراق دەستكراوە بووە، بەڵام ئێستا مەرجەكانی جۆر و شێوازی مافی پەنابەری قورستر كردووە بەراورد بە رابردوو.
هەرچەندە ئیتاڵیا رێگای جیاوازی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی كۆچبەران روو لە وڵاتەكەیان نەكەن، بەڵام هاتنی كۆچبەرانی نایاسایی بەردەوامە، گوتەبێژی كاروباری كۆچی نێودەوڵەتی جویل میلیمان، دەڵێت: "كۆچبەران بەردەوام خەریكی سەركێشین بۆ ئەوەی بەهەر نرخێك بێ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئارام. ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار كۆچبەر روویان لە ئەوروپا كردووە كە زۆربەیان لە ئیتاڵیا گیرساونەتەوە".
پەنجەمۆر كۆچبەران دەترسێنێ
پێشتر دەزگای كۆچی ئیتاڵیا زۆر پابەند نەبوو بە وەرگرتنی پەنجەمۆری كۆچبەر، ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی دبلن، هەر كۆچبەرێك لە هەر وڵاتێكی ئەوروپی پەنجەمۆری وەربگیرێ و پاشان بچێتە وڵاتێكی دیكە و لەوێ داوای مافی پەنابەری بكات و داواكەی رەتبكرێتەوە، ئەوە دیپۆرتی ئەو وڵاتە دەكرێتەوە كە پێشتر پەنجەمۆری لێ وەرگرتووە.
سەنگەر و هاوڕێكانی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو پاش پێنج رۆژ، لە رێگای ئاوەوە لە یۆنانەوە گەیشتنە ئیتاڵیا، بەڵام لەلایەن هێزی پۆلیسی دەریایی ئیتاڵیا دەستگیركران و پاشان رەوانەی كەمپێكی كۆچبەران لە شاری كرۆتۆن كران.
سەنگەر كە خەڵكی هەرێمی كوردستانە، دەڵێت: "كە لە یۆنان بووین، پێیانگوتین، حكومەتی ئیتاڵیا پەنجەمۆرتان وەرناگرێ و سەربەستتان دەكات لە ئیتاڵیا بن یان بۆ شوێنێكی دیكە بڕۆن، بەڵام كە دەستگیركراین هەموو شتێك پێچەوانە بووەوە، پاش گەیشتنمان بۆ كەمپی چاوەڕوانی گوتیان پەنجەمۆرتان وەردەگرین، هەر كەسێكیش نایەوێ پەنجەمۆر بكات یان نایەوێ لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە، هاوكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی".