رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی پەناخوازان لەنێو هۆتێلەکانی بەریتانیا دەکات؛ 'توانای بوون بە دایکم نییە'
رووداو دیجیتاڵ
دۆخی کۆچبەران لە بەریتانیا، بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا، پێویستی بە بایەخپێدانی زۆر هەیە، ئەم هەفتەیە بە کردنەوەی دۆسیەیەک لێرەوە دەستپێدەکەین و هەفتەی داهاتووش بەرنامەی دیاسپۆرا دەبەینە ئەوێ. ئەم هەفتەیە هاوکارمان ئاڵا شاڵی لە لەندەن بوو. لە کارێکی مەیدانیی باڵکێشدا لەوەی کۆڵیوەتەوە بۆچی مژاری ئەو کۆچبەرانەی لە هوتێلەکان نیشتەجێ دەکرێن سەرنجی هەمووان لە بەریتانیا رادەکێشێ.
دوو هاوژین لە ساڵی 2020ـەوە ترس و کێشەیەک راویان ناون و بەرەو هەندەرانی بردوون، ئەوان دەڵێن لەبری گەیشتن بە ئارامی، نزیکەی چوار ساڵ و نیوە لەنێو هوتێلەکانی بەریتانیا وەک زیندانییەک دەژین و هێشتاش ترسی دەرکەوتن و ناسینەوەیان هەیە.
پەیامنێری رووداو چووە لەندەن بۆ لای خێزانێکی کورد، خەڵکی باشووری کوردستان، کە نزیکەی چوار ساڵ و نیوە لە بەریتانیان، لەوێ لە هوتێلێکدا دەژین کە کۆچبەرانی تێدا نیشتەجێ کراون کە وەک کەمپێکی کۆچبەران وایە، رێگەیان پێنادرێت کار بکەن و دۆخیان زۆر خراپە، چارەنووسیان نادیارە لەم وڵاتە، چونکە دوو جار داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و مافی کارکردنیان نییە و داهاتووشیان لێڵ و نادیارە.
یەکێک لەو پەناخوازە کوردانە دەڵێت، "من لە کوردستان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاتوومەتە دەرەوە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانم بگەڕێمەوە، هیچ پەیوەندییەکیشم لەگەڵ کەسوکارم نەماوە، لێرەیش من نەخۆشم، شێرپەنجەم هەیە و شەکرەم هەیە، باری دەروونیشم لەم چەند ساڵەدا زۆر خراپ بووە، دوو نەشتەرگەری گەورەم بۆ کراوە و چەندین راپۆرتی پزیشکیم هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچم بۆ نەکراوە.
هاوژینی ئەو پەناخوازە کوردە باس لەوە دەکات، "تەنیا ژوورەوە و دەرەوەیە، سەیری بنمیچی هوتێلەکە دەکەیت، هیچ کارێکت نییە بیکەیت، هەفتەی 9 پاوەند وەردهگری، بەڕاستی 9 پاوەند بۆ کەسێکی ئاسایی ئەم وڵاتە هیچ نییە، تەنیا نرخی قاوەیەکیش نییە، ئەوان بە شتێکی زۆر ئاسایی سەیری دەکەن کە چۆن بژی، چۆن ناژی، دواتر، ئەم وڵاتە رێگەی کارکردن بە پەناخوازان نادات تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسێکی وەک من ئێستا کە خێزانم نەخۆشە، زۆر زۆر سەختە و هەست دەکەم غەدرێکی زۆرم لێ کراوە."
ئەو خێزانە کوردە دوو جار داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، مافی کارکردنیان نییە و داهاتووشیان لێڵ و نادیارە.
یەکێک لەو پەناخوازانە دەڵێت، "پێش هەموو شتێک، تۆ مرۆڤی، ئەم زەوییە بۆ مرۆڤایەتی دروست بووە، ئەگەر کێشەیەکت نەبێت لە وڵاتی خۆت، هەرگیز روو لە هیچ وڵاتێک ناکەیت، وڵاتی خۆت وڵاتی دایکتە و خۆشت دەوێت، بەڵام لێرە، کە ناچار دەبیت وڵات بەجێ بهێڵیت و روو لە وڵاتێکی ئاوا بکەیت و داوای مافی پەنابەری بکەیت، شتەکان وا وێنا دەکەیت کە هەموو شتێک ئاسان دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرەتا وەڵامێک وەرناگریت کە بە مرۆڤانە بژی، دواتر هەموو ژیانت تێکدەچێت، کاتێک هەموو ژیانت تێکچوو، هەست بە رووخان دەکەیت، لایەنی دەروونی و هەست زۆر زۆر ئێستا من هەست بە بێتاقەتییەکی زۆر دەکەم، دەیان جار ویستوومە کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم."
ئەو ژنە پەناخوازە کوردە باس لە حەزی بوون بە دایک دەکات و دەڵێت، "وەڵا هەر پشکنین و چارەسەرە، هیچی دیکە نا، من شتێکم هەیە بیڵێم، ویستم ببم بە دایک، بەڵام هێندە باری دەروونم خراپە توانای ئەوەشم نییە."
بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، کۆچبەرانی نایاسایی لە هوتێلەکان نیشتەجێ دەکرێن، رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندن نادرێت شوێن و ژیانیان نیشان بدەن، پەیامنێری رووداو لەبەردەم یەکێک لەو هوتێلانە وەستا، هوتێلێکی گەورەی 311 ژووری لە نزیک شاری لەندەن، هۆتێلێک دەیان خێزانی کۆچبەر تێیدا خەونی ئازادی و بەریتانیابوون دەبینن.
کۆچبەرانی نێو هوتێلەکان لەنێو بەرداشێکدان کە لە هەردوو لاوە دەیانهاڕێت، لەلایەکەوە، راستڕۆکان بەکاریان دەهێنن بۆ هاندانی دەنگدەرانی دژە کۆچبەر و دەڵێن، بە خۆڕایی لەو هوتێلانە پاڵیان داوەتەوە، لەلایەکیشەوە، کۆچبەران دەیانەوێت لەو هوتێلانە دەربچن، بەڵام حکومەت بۆ ماوەیەکی درێژ دەیانهێڵێتەوە.
بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا خەوی لە هەزاران کۆچبەری نیشتەجێی ئەم وڵاتە زڕاندووە، چیتر کۆچبەری نایاسایی، بەتایبەت ئەوانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوون، مافی پەنابەرییان پێنادرێت، تەنانەت ئەگەر پێش بڕیارەکەش خۆیان گەیاندبێتە بەریتانیا.
ئالان، پارێزەرێکی کوردە لە بەریتانیا و لەبارەی پێشکێشکردنی داواکاریی پەناخوازی باس لەوە دەکات، "لە یەکەم چاوپێکەوتنی مافی پەنابەریدا، 95%ی داواکارییەکان رەتدەکرێنەوە، چونکە هۆم ئۆفیس کاتێک سەیری کەیسێک دەکات، پێی وانییە ئەو کەیسە و ئەو شتانەی کە کەسەکە باسی دەکات، بەڵگەی تەواوی پێبێت کە ئەم کەسە راست دەکات یان شتەکانی تەواوە، لەبەر ئەوەیە پەنا دەبەنە بەر دادگا، دوو ساڵ چاوەڕێ دەکەیت تاوەکو هۆم ئۆفیس وەڵام دەداتەوە، یان ساڵێک چاوەڕێ دەکەیت، ئایا کەیسەکەت وەرگیرا یان وەرنەگیرا؟ پێش ئەوەش، تاوەکو قبووڵ دەکەن کە تۆ مافی پەنابەرییت وەرگیرا، وەک پەناخوازێک لێرە، نزیکەی شەش تاوەکو حەوت مانگی دەوێت، پاشان چاوپێکەوتنەکەت بۆ رێک دەخەن، چاوپێکەوتنەکەش ساڵێکی پێدەچێت، دواتر چاوەڕێکردنی دادگاش دوو ساڵی پێدەچێت."
ئالان لە یەکێک لە 12 کۆمپانیا بەناوبانگەکانی راوێژکاری یاسایی بەریتانیا کاردەکات و دەیان کەیسی کۆچبەرانی لایە، رێککەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سنووردارکردنی ئەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوون، بە گورزێکی کوشندە بۆ داهاتووی کۆچبەرانی نایاسایی دەزانێت.
ئەو پارێزەرە کوردە ئاماژە بەوە دەدات، "لەبەر ئەو زەختە زۆرەی ئەوان هەیانە لەسەر پەناخوازان و بەتایبەتی حیزبی ریفۆرم ئێستا گەورەترین زەختە لەسەر حیزبی دەسەڵات کە دەڵێت: 'ئێوە مافێکی بێ سنوور بە پەناخواز دەدەن، دەبێت سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێت،' خۆی ئەو کۆنترۆڵی سنوورەی کە ئێستا کراوە، لەسەر داوای پارتی ریفۆرم کراوە و پارتی ریفۆرم پێنج داوای نوێی بە حکومەت داوە.
بەگوێرەی ئەو پارێزەرە کوردە، داواکارییەکان ئەوەن: با مافی مانەوەی هەمیشەیی (Indefinite) نەمێنێت، ئەگەر کەسێک داوای مانەوەی هەمیشەیی دەکات لەم وڵاتە، دەبێت بەڕاستی بزانێت کە سوودێکی بۆ ئەم وڵاتە هەیە، واتە کاری هەبێت، خانووی هەبێت و لانیکەم دە ساڵ لەم وڵاتە بێت، ئینجا مافی هەبێت، ئەمە یەکێکە لە داواکارییەکان، یەکێک لەو خاڵانەی کە نایجل فەراژ داوای دەکاتەوە، کە سەرکردایەتی پارتی ریفۆرمە، دەڵێت با لەمەودوا هیچ کەسێک کە هاتە ئەم وڵاتە، نابێت کەس و خێزانەکەی بێنێت، ئەگەر هاتوو ئەمانەی نەبێت، بەداخەوە لە مانگی 9ـی ئەم ساڵەوە بڕیارێک جێبەجێکرا کە ئەگەر بتەوێت خێزانەکەت بێنیت، دەبێت کاتێک کە تۆ مافی پەنابەریت هەیە، داهاتەکەت 29 هەزار پاوەند بێت و ماڵێکت هەبێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا پار 37 هەزار کەس لەڕێگەی بەلەمەوە لە دەریای مانش لە فەرەنساوە بە قاچاخ خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ژمارەیەک کە پشتیوانانی کۆچبەریشی هانداوە رێگەی کۆچی نایاسایی تووندتر بکرێت و ئاسانکاری بۆ کۆچی یاسایی بکرێت.
نیک، هاووڵاتییەکی بەریتانیایە و لەبارەی مافی کارکردنی پەناخوازانەوە باس لەوە دەکات، "پێموایە دەبێت رێگەیان پێبدرێت کار بکەن، پێموایە دەبێت رێگەیان پێبدرێت بژێوی خۆیان دابین بکەن، پێموا نییە دەبێت لە هوتێلەکاندا نیشتەجێ بکرێن، نەخێر، پێموا نییە کۆچبەری دەبێت رابوەستێنرێت، پێموایە دەبێت رێگەیەکی یاسایی بۆ کۆچبەری هەبێت، ئەوە خاڵەکەیە، نابێت هیچ هاندەرێک بۆ کۆچبەری نایاسایی هەبێت، چونکە دەبێت پرۆسەیەکی یاسایی هەبێت، پارتی ریفۆرم، پێموایە لە بنەڕەتدا دژی کۆچبەرانن و خەڵک هاندەدەن بۆ ئەوەی دژی کۆچبەران بن، بۆیە زۆر دژی ئەوانم."
سەرەڕای رێکارە نوێیەکانی لەندەن دژی کۆچبەرانی نایاسایی و سنووردارکردنی 50 هەزار کۆچبەر لە 2024، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە 11 مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە 38,700 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە ئەم وڵاتە، بەپێی ئەنجوومەنی پەناخوازانی بەریتانیا، بەهۆی رێکارە نوێیەکان نزیکەی 71 هەزار پەناخواز وڵاتینامەی بەریتانیایان پێنادرێت.
نەبەز ئەحمەد، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی گلاسگۆ لەسەر پرسی کۆچبەران لە بەریتانیا، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و تیشکی خستە سەر دۆخی کۆچبەران و هۆکارەکانی سیاسیکردنی ئەم پرسە لە شانشینی یەکگرتوو.
نەبەز ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی کۆچبەران لە بنەڕەتدا بووەتە کێشەیەکی سیاسی و لە چوارچێوەی بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەرچووە، ئەو جەختی کردەوە کە کۆچکردن بە درێژایی مێژوو بەشێک بووە لە سرووشتی کۆمەڵگا مرۆییەکان و توێژینەوە زانستییەکان، بەتایبەت لە بواری ئابووری و کۆمەڵناسیدا، سەلماندوویانە کە سوودی زیاترە لە زیانی، بەڵام کاتێک ئەم پرسە دەبێتە بابەتی ململانێی سیاسی نێوان پارتەکان، وەک هەموو بابەتەکانی دیکە ئاڵۆز دەبێت.
ئەحمەد چەند هۆکارێکی گەورەی بۆ سیاسیکردنی پرسی کۆچبەران خستەڕوو، ئەو گوتی" سەرچاوەی ئەم کێشەیە لە ئەمریکاوە دەستیپێکرد لە سەردەمی ترەمپدا کە بە تووندی قسەی لەسەر ئەم بابەتە دەکرد، لە بەریتانیاش دوای پڕۆسەی برێکزیت و تەنانەت پێشیشی، پرسی کۆچبەران بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مشتومڕی سیاسی".
بە بڕوای ناوبراو، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەریتانیا نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ئابووری بۆ قەیرانەکانی خانوبەرە و بێکاری بدۆزنەوە، ئەوان پێیان وابوو کە بە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا (برێکزیت) دەتوانن ئەم قەیرانانە چارەسەر بکەن، بەڵام کاتێک نەیانتوانی ژمارەی پێشبینیکراوی پەنابەران کۆنترۆڵ بکەن و پڕۆسەیەکی روون بۆیان دابنێن، هێزە پۆپۆلیستەکان دەستیان بە قۆستنەوەی ئەم بابەتە کرد، پارتی ریفۆرمی بەریتانی، کە نایجل فاراج بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە کاری لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بە باشی ئەم هەڵەی قۆستووەتەوە و ئێستا ئەم پرسە بووەتە بابەتی یەکەمی گفتوگۆی سیاسی لە بەریتانیا.
سەبارەت بە رۆڵی میدیای بەریتانی، نەبەز ئەحمەد روونیکردەوە کە میدیا رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە داڕشتنی بۆچوونی گشتی، ئەو رەخنەی لە میدیای کوردی گرت و گوتی، "نەیتوانیوە بە باشی گفتوگۆ لەسەر کێشە سەرەکییەکانی ژیانی پەنابەران لە ئەورووپا بکات و هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە میدیای بەریتانی وەک BBC، سەرەڕای ئەوەی کەناڵێکی خاوەن ئەزموون و حکومییە، ناچار بووە لە ژێر فشاردا راپۆرتگەلێک بڵاوبکاتەوە کە رەنگدانەوەی دۆخی ئێستای کۆچبەرانە".
نەبەز ئاماژەی بەوەدا کە هێنانی ناوی کورد لە راپۆرتەکاندا پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە کە بە پێی راپۆرتەکانی NCA (دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانی)، کورد رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە قاچاخچێتی مرۆڤ بۆ بەریتانیا، ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە ئامارێکی فەرمی پۆلیسە و زۆربەی ئەو باندە گەورانەی لە فەرەنسا، ئەورووپا و بەریتانیا دەستگیر دەکرێن، کورد رۆڵی سەرەکییان تێدایە. گوتیشی، "زۆرێک لە دووکانەکانی "کۆرنەر شۆپ" و "باربەر شۆپ" لە بەریتانیا لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵکراون و کاری نایاساییان تێدا دەکرێت، کاتێک قسە لەسەر کاری نایاسایی دەکرێت لەلایەن پەنابەرانەوە، راستەوخۆ ناوی کورد دێتە پێشەوە، ئەم دیاردەیە پێویستی بە گفتوگۆی جیددی هەیە لە میدیای کوردیدا".