لە قاوەخانەیەکی نێوەڕاستی سیدنی چەند کەسێک بە بارمتە دەگیرێن
رووداو - ئاژانسەکان
لە قاوەخانەیەکی نێوەڕاستی شاری سیدنی چەکدارێک چەند کەسێکی بە بارمتە گرتووە، چەند بارمتەیەکیشی ناچار کرد کە ئاڵایەکی رەشی نزیک لە ئاڵای داعش لە پەنجەرەکانی قاوەخانەکە پیشانی دەرەوە بدەن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی بارمتەکان نەزانراون و ئەوان وەک "کارێکی چەکداری" مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە دەکەن.
بەمەبەستی ئازادکردنی بارمتەکان، پۆلیسی ئوسترالیا دەوری قاوەخانەکەی داوەو لە هەوڵی پەیوەندیکردندایە بەو کەسانەی کە لە ژوورەوەن، تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو چەکدارە ئەنجامبدرێت.
ئاژانسی هەواڵی سێڤن-ی ئوستڕالی بڵاویکردەوە کە ژمارەی بارمتەکان ١٣ کەسەو لە قاوەخانەیەکی نێوەڕاستی شاری سیدنی دەستبەسەرکراون، وێنەی چەند بارمتەکراوێکی پیشاندا کە ئاڵایەکی رەشی نزیک لە ئاڵای داعشیان بەدەستەوەبووەو چەند وشەیەکی عەرەبی لەسەر نووسراوە.
دواتر سێ لە بارمتەکراوەکان بینراون کە باڵەخانەکەیان بە راکردن جێهێشتووەو ئازادکراون.
تۆنی ئابۆت، سەرۆکوەزیرانی ئوستڕالیا رایگەیاند، ئەوان کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامداوە بۆ زانینی رەوشی بارمتەکان، هەندێک ئاماژەش هەن کە وا دەردەخەن رووداوەکە پاڵنەری سیاسی بەدواوە بێت.
ئەو ناوچەیەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، ناوچەیەکی بازرگانییەو بانکی یەدەگی ئوستڕالی و چەند بانکێکی دیکە لەنزیک باڵەخانەی پەرلەمانن لە ویلایەتی نیوساوس ویلز.
هەر دوای رووداوەکەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کونسڵخانەی خۆی لە سیدنی چۆڵکرد، کە دەکەوێتە نزیکی شوێنی رووداوەکە. هێزەکانی پۆلیسیش بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی چەند باڵەخانەیەکی دەوروبەری قاوەخانەکەی لەخەڵکی چۆڵکرد و شەقامەکانی دەوروبەری ناوچەکەی داخست.