سەیفولعەدل؛ سەرکردە نوێیەکەی قاعیدە لە میسرەوە بۆ ئێران
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان، "سەیفولعەدل" سەرکردە نوێیەکەی رێکخراوی قاعیدە لە ئیران دەژی و بەهۆی هەستیارییەوە لە بابەتی کوژرانی سەرکردەی پێشووی قاعیدە لە کابولی ئەفغانسان و ژیانی سەرکردە نوێیەکەی لە ئێران نایەوێت ئاشکرای بکات.
سەرکردە نوێیەکەی قاعیدە ئەفسەرێکی پێشووی هێزە تایبەتەکانی میسربووە، تەمەنی 62 ساڵە، راهێنانی بە رفێنەرانی رووداوەکانی سێپتەمبەری 2001ـی ئەمریکا کردووە و بە هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە تەنزانیا و کینیا تێوەگلاوە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 کەس.
ئەمریکا: ئێمە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێمانوایە لە ئێران دەژی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەیفولعەدل، ئەفسەری پێشووی هێزە تایبەتەکانی میسر کراوەتە سەرکردەی رێکخراوی قاعیدە، دوای کوژرانی ئەبو ئەیمەن زەواهیری، لە تەممووزی 2022، نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکیدا لەوبارەیەوە هەمان زانیاریی ئاشکراکردووە.
سەیفولعەدل هاووڵاتیییەکی میسرییە و سەرکردەی نوێی قاعیدەیە، لەدوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری لە تەممووزی 2022 بە مووشەکی هێزەکانی ئەمریکا لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی چوارشەممە راگەیاند "هەڵسەنگاندنەکانمان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان یەکدەگرێتەوە، بەوەی سەرکردە نوێیەکەی قاعیدە سەیفولعەدل لە ئێرانە."
رۆژی سێشەممەی رابردوو، 14-2-2023، نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، "بۆچوونی زاڵ" لەنێو وڵاتانی ئەندام ئەوەیە سەیفولعەدل بووەتە سەرکردەی نوێی رێکخراوە جیهادییەکە.
هێشتا رێکخراوی قاعیدە بە فەرمی هیچی لەبارەی سەیفولعەدلەوە نەدرکاندووە.
راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی ئاشکرا کردووە، رێکخراوی قاعیدە کە لەسەر سوننەکان هەژمار دەکرێت، هەستیارە لە ئاست پرسی سەرکردایەتییەکەی سەیفولعەدل، چونکە ئەو لە ئێران دەژی کە زۆرینە شیعەیە. هەروەها باسی لەوەکردووە، شوێنی مانەوەی سەیفولعەدل کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت لەبارەی هەوڵ و تێکۆشانەکانی قاعیدە بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەرکردایەتیکردنی بۆ رەوتێکی جیهانی لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعشی رکابەری.
جیاوازیی سەیفولعەدل لەگەڵ ئەیمەن زەواهیری
سەیفولعەدل تەمەنی 62 ساڵە، ئەفسەری پێشووی هێزە تایبەتەکانی میسر بووە، کەسایەتییەکی دیارە لەنێو سەربازە کۆنەکانی رێکخراوی قاعیدە، یارمەتیی بەرزکردنەوەی تواناکانی رێکخراوەکەی داوە و راهێنانی بە هەندێک لەو رفێنەرانەش کردووە کە لە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری ساڵی 2001ـی ئەمریکا تێوەگلاون، وەکو ئەوەی رێکخراوی "پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی"ـی ئەمریکی باسی دەکات.
کەسانی نزیکی سەیفولعەدل دەڵێن "کەسێکی زۆر تووندە، زمانی زبرە و زوو تووڕە دەبێت، لەگەڵ ئەیمەن زەواهیری لەسەر پرسە ئایینی و بنچینەییەکان کێشەیان هەبووە، ئەوەش وایکردووە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ریزی دووەمی قاعیدە لێی دووربکەونەوە."
عەلی سۆفا، لێکۆڵەری پێشوو لە دەزگای دژەتیرۆری نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان (FBI) ئەوەی ئاشکراکردووە، سەیفولعەدل لە ساڵی 2002 و 2003ـەوە لە ئێران دەژی، سەرەتا خراوەتە ژێر باری هێشتنەوەی ناچاری، بەڵام دوای چەند جارێک سەردانکردنی پاکستان ئازادبووە.
سۆفان لە گوتارێکی شێکارییدا بۆ گۆڤاری سی تی سیی سەنتەری وێست پۆینت نووسیویەتی، "سەیفولعەدل یەکێکە لە لێهاتووترین شەڕکەری بزووتنەوەی جیهادی جیهانی، جەستەی برین و چاڵەکانی شەڕی پێوەیە، کاتێک دەجووڵێتەوە بە زیرەکییەوە دەیکات."
سەیفولعەدل، ناوی تەواوی محەممەد سەلاحەدین عەبدولحەلیم زێدانە، لەدایکبووی 11ـی نیسانی 1960ـی پارێزگای منوفییەیە لە میسر، پرۆگرامی پاداشتەکان لەپێناو دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە تەرخانکردووە کە زانیاریی لەبارەوە دەدەن.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 1998 لەلایەن دادوەرانی ئەمریکییەوە تۆمەتی بەشداریکردنی لە تەقینەوەکانی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە داروسەلام لە تەنزانیا و نەیروبی لە کینیا لە 7ـی ئابی 1998 درایە پاڵ، ئەو هێرشەی بووە هۆی کوژرانی 224 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 5 هەزار کەسی دیکە.
ئەمریکا دەڵێت: لەدوای تەقینەوەکانی هەردوو باڵیۆزخانەکە، سەیفولعەدل چووەتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پارێزراوە، لە نیسانی ساڵی 2003، خۆی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی رێکخراوی قاعیدە خرانە ژێر باری هێشتنەوەی ناچاری.
لە سێپتەمبەری ساڵی 2015، ئێران سەیفولعەدل و چوار گەورە سەرکردەی قاعیدەی بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی ئازادکرد کە قاعیدە لە یەمەن رفاندبووی.
22 ساڵە لە لیستی تیرۆری ئەمریکایە
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەیفولعەدل هاوڕێ و دۆستێکی زۆر نزیکی ئەبو موسعەب زەرقاوی، دامەزرێنەری رێکخراوی قاعیدە بووە لە عێراق، کە دواتر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسرا.
لە ساڵی 1990 و یەک دوو ساڵی دواتر، سەیفولعەدل راهێنانی سەربازی و هەواڵگریی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی قاعیدە و گرووپەکانی سەر بەو رێکخراوە کردووە لەوانە؛ لە ئەفغانستان، پاکستان، سوودان و سۆماڵ.
ئەمریکییەکان دەڵێن، سەیفولعەدل لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەفسەر بووە بە پلەی موقەدەم لە هێزە تایبەتەکانی میسر، لە ساڵی 1987 لەگەڵ هەزاران چەکداری دیکەی دژبەری حکومەت دوای هەوڵێکی کوشتنی وەزیری ناوخۆی میسر دەستگیرکرا.
لە 23ـی سێپتەمبەری ساڵی 2001، سیفولعەدل لەلایەن ئەمریکاوە وەکو "تیرۆریست"ێکی جیهانی پۆڵێنکرا و و یەکێکە لەو کەسانەی لە لیستی داواکراوەکانی ئەمریکایە.
هەروەها لە 25ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2001ـەوە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خراوەتە لیستی داواکراوەکان و هۆکارەکەشی بەستراوەتەوە بە ئەندامێتی لە قاعیدە و پەیوەندییەکانی بە ئوسامە بن لادن و بزووتنەوەی تاڵیبان و رێکخراوی جیهادی ئیسلامیی میسری.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سویفولعەدل راهێنانی بە بەشێک لەو رفێنەرانە کردووە کە لە هێرشەکانی سێپتەمبەری 2001ـی ئەمریکا تێوەگلان و راهێنانی بە چەکدارانی سۆماڵیش کردووە کە لە کوشتنی 18 سەربازی ئەمریکا لە سۆماڵ لە ساڵی 1993 تێوەگلاون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 2ـی ئابی 2022، لە گوتارێکیدا کوژرانی زەواهیری راگەیاند و گوتی، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر ئەیمەن زەواهیری پێشکێش بە خێزانی قوربانییانی رووداوەکەی 11ـی سێپتێمبەر دەکات، چونکە زەواهیری کەسی دووەمی قاعیدە بووە لەوکاتەدا و وەکو پلانداڕێژەری سەرەکی بووە.
لەدوای ئوسامە بن لادن، زەواهیری کەسی دووەمی قاعیدە بوو، ئەو پیاوەی کە ئەمریکا دەڵێت، بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی 2977 کەس لە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر و هەروەها گیانلەدەستدانی 224 کەس لە هێرشی سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تەنزانیا لە ساڵی 1998.